هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات کە محەممەد شیاع سوودانی بە فەرمی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کشاوەتەوە و ڕێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە، زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانیی دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 10ی 1ی 2026، سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا بە کەناڵی (سۆمەرییە)ی ڕاگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانی و گەشەپێدان بڕیاری داوە دەستبەرداری مافی خۆی ببێت و لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کێبڕکێکە کشاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرجەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەزامەندییان دەربڕیوە، تەنیا عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە نەبێت کە داوای کردووە پێش یەکلاکردنەوەی بابەتەکە، دەبێت پرس بە مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بکرێت و ڕای وەربگیرێت.
لای خۆیەوە عوسمان شەیبانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە فەیسبووک پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، نووری مالیکییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید کردووە.