هەرێم نیوز
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتە بەغدا. بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە نێوەندگیرییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکیی قووڵی نێوان گروپە چەکدارەکان سەبارەت بە پرسی "داماڵینی چەک".
ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت) بڵاوی کردەوە، تاران پلانێکی هاوتەریبی هەیە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی گروپە چەکدارەکان. لە ئێستادا گروپەکان دابەش بوون؛ هەندێکیان ڕازی بوون بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، بەڵام بەشێکی تریان بە توندی ئەو پرۆسەیە ڕەت دەکەنەوە.
قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردووەتەوە:
• تێگەیشتن لە هۆکاری ناکۆکییە ناوخۆییەکانی گروپەکان.
• ڕێگریکردن لە هەر هەڵکشانێکی ئەمنیی ناوخۆیی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی گشتی عێراق هەبێت.
• دڵنیابوون لەوەی پرسی چەک نابێتە هۆی پارچەپارچەبوونی کوتلە سیاسی و سەربازییەکان.