هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی ١ی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ٢٢١ پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووەم دانیشتنی خۆی لە خولی شەشەمی یاسادانان بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی و هەردوو جێگرەکەی، عەدنان فەیحان و فەرهاد ئەترووشی دەست پێکرد.
بڕگەی سەرەکیی دانیشتنی ئەمڕۆ، دەنگدانە لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنە هەمیشەییەکاندا. سەرۆکایەتیی پەرلەمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی پێکهێنانی لیژنەکان خێرا بکرێت، تاوەکوو پەرلەمان بتوانێت دەست بە ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکانی بکات.
ئەم دانیشتنە دوای ئەوە دێت کە لە ٢٩ و ٣٠ی مانگی ڕابردوو، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران، کە تێیدا فەرهاد ئەترووشی دوای ڕکابەرییەکی توند وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان (پشکی کورد) متمانەی وەرگرت.
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە "دانیشتنی ڕێکخستنی ناوماڵی پەرلەمان" دادەنرێت. پەیڕەوی ناوخۆ دەستووری کارکردنی ناو پەرلەمانە و دیاریکردنی لیژنەکانیش بزوێنەری سەرەکیی دەرکردنی یاساکانن. لەم خولەدا، کورد لە ڕێگەی فەرهاد ئەترووشییەوە دەیەوێت ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە داڕشتنەوەی لیژنە سیادییەکاندا بگێڕێت، بەتایبەت ئەو لیژنانەی پەیوەستن بە دارایی، نەوت و گاز و یاسا، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن.