دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری ناوخۆی توركیا: تەرمی قوربانیان و سندوقی ڕەشی فڕۆکەکەی سەرۆک ئەرکانی لیبیا دۆزرایەوە

هەرێم نیوز

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکان و سندوقی ڕەشی فڕۆکەکەی سەرۆک ئەرکانی لیبیاى کە شەوی رابردوو لە نزیک ئەنكەرە کەوتە خوارەوە، راگەیاند.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئەنجامدرا، رایگەیاند: تەرمی قوربانییەکان دۆزراونەتەوەو گواستراونەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری بۆ رێکارە فەرمییە پێویستەكان.

ئاماژەی بەوەشکرد: لیبیا تیمێکی نزیکەی ٢٩ کەسی ناردووە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە کاتژمێر ٣:٢٠ بەیانی ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە، هەروەها تۆمارکەری گەشتەکەش دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا پشکنینی بۆ دەکرێت.

دووپاتیشی کردەوە: لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان، وتیشی: بەشێوەیەکی شەفاف و روون بەردەوام دەبن لە رێکارەکان و لێکۆڵینەوەکانيان، هەموو دەرەنجامەکانیش ئاشکرا دەکرێن.

شەوی رابردوو، سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا كە بە سەردانێك لە ئەنكەرە بوو، لە كاتی فڕينى فڕۆكە تایبەتەكەی لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی كە لە جۆری فالكۆن 50 بوو، لە ناوچەكی نزیك ئەنكەرە كەوتە خوارەوە، كە دەوترێت رووداوەكە بەهۆی كێشەی تەكنیكیەوە بووە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا، مردنی محەممەد حەداد، سوپاسالاری سوپای لیبیای پشتڕاست کردەوە، دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەیدا لە ئاسمانی ئەنقەرە پچڕا. دبیبە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ڕێگەی فەیسبووکەوە، گیانلەدەستدانی حەداد و چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی ڕاگەیاند، کە بریتین لە:
فەریق ڕوکن ئەلفیتووری غەریبێل، سوپاسالاری هێزە وشکانییەکان.
عەمید مەحموود قەتیوی، بەڕێوەبەری دەزگای پیشەسازیی سەربازی.
محەممەد عەساوی دیاب، ڕاوێژکاری سوپاسالاری گشتیی سوپای لیبیا.
محەممەد عومەر ئەحمەد مەحجووب، وێنەگر لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپاسالاری گشتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP