هەرێم نیوز
میدیا فەرمییەکانی ئێران زانیاریی ناکۆک و دژبەیەک لەبارەی دەستپێکردنی مانۆڕی مووشەکی لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بڵاو دەکەنەوە و ئیسرائیلیش هۆشداری دەداتە ئەمەریکا.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، کەناڵی فەرمیی ئاژانسی فارس بڵاوی کردەوە، بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتی خەڵک، تاقیکردنەوەی مووشەکی لە شارەکانی خەرموئاوا، مەهاباد، ئەسفەهان، تاران و مەشهەد ئەنجام دراوە.
هاوکات کەناڵی هەواڵی سوپای قودس نووسیویەتی: "لە ئێستادا مووشەکی بالیستی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێرانەوە هەڵدەدرێن." بەڵام تا ئێستا سوپای پاسداران و دامەزراوە فەرمییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران (سەدا و سیما) ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و رایگەیاند: "تەواوی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو کراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە و پەیوەندییان بە تاقیکردنەوەی مووشەکییەوە نییە."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بە میدیا جیهانییەکانیان راگەیاندووە، جموجۆڵی نائاسایی لە یەکە مووشەکی و پهپادییەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بەدی کراوە کە لە دەرەوەی ڕۆتینی ئاسایین.
پێگەی ئەکسیۆسیش ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئەمەریکا کە ئەم مانۆڕە مووشەکییانەی سوپای پاسداران "پوششێکن بۆ ئامادەکاریی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل".
لای خۆیەوە کەناڵی NBCی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە کۆماری ئیسلامی بەرنامە مووشەکییەکەی فراوانتر کردووە، هەر بۆیە بنیامین نەتەنیاهو لە دیداریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بژاردەکانی هێرشی هاوبەش بۆ سەر ئێران دەخاتە ڕوو.