دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی ئاسایش: داعش لە ئەفغانستان نزیکەی 2 هەزار چەکداری هەیە و مەشق بە منداڵان دەکات

هەرێم نیوز 

تیمی چاودێریی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی رێکخراوی داعش لە ئەفغانستان خاوەنی نزیکەی 2 هەزار چەکدارە و دزەکردنی ئەو رێکخراوەش بۆ ناو جومگەکانی تاڵیبان بە "بەرفراوان" وەسف دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی 12ی 2025، تیمی چاودێریی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نوێترین راپۆرتیدا ژمارەیەک زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنی ئەفغانستان بڵاو کردەوە و دەڵێت: سەرکردایەتیی گرووپی داعشی خوراسان زۆربەیان لە پەشتونە ئەفغانییەکان پێکهاتوون و ژمارەیەکی بەرچاویش لە چەکدارەکانیان خەڵکی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، داعش نزیکەی 600 خۆبەخشی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە وەرگرتووە، کە زۆربەیان خەڵکی تاجیکستان و ئۆزبەکستانن؛ بەشێکیان گەشتیان بۆ ئەفغانستان کردووە و بەشێکیشیان رەوانەی ئەورووپا کراون.

تیمەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، داعشی خوراسان پەیوەندی لەگەڵ تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) هەیە و رادەی دزەکردنیان بۆ نێو جومگە و پێکهاتەکانی تاڵیبان هێشتا روون نییە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان بەرفراوانە.

سەبارەت بە تەمەنی چەکدارەکان، راپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە: زۆربەی چەکدارە نوێیەکان تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 18 ساڵە و بەتەمەنترینیان 40 ساڵە، زۆربەشیان هیچ پێشینەیەکی کاری تیرۆریستییان نەبووە و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە هزری توندڕەوییان وەرگرتووە.

خاڵێکی مەترسیداری دیکەی راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، لە باکووری ئەفغانستان و ناوچە نزیکەکانی سنووری پاکستان، داعش هزری خۆی بەسەر منداڵانی خوێندنگە ئاینییەکاندا سەپاندووە و بەرنامەی راهێنانی خۆکوژی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 14 ساڵ داناوە.

تیمەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: "هەرچەندە ژمارەی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2025 لە ئەفغانستان کەمیکردووە، بەڵام گرووپەکە هێشتا خۆی راگرتووە و توانای خۆگونجاندنی هەیە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP