هەرێم نیوز
دوای لێدوانەكانی لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان، لە پارتەكەی ئەردۆغانەوە داوای دوورخستنەوە هاكان فیدان دەكرێت و رایدەگەیەنێت: دەبێت دەرمانی دژە ڕەگەزپەرستی بدرێت بەوانەی دەیانەوێت ئاشتی بشێوێنن.
دوای لێدوانەکانی هاکان فیدان و ڕۆژئاوای کوردستان، کە وتی ئەگەر ناچاربن دووبارە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز دەبەن، غالیب ئەنساریئۆغڵو پەرلەمانتاری ئامەدی پارتەکەی ئەردۆغان پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا-ئاکپارتی قسەیکرد و وتی، قسەکانی هاکان فیدان گوزارشت نییە لە بۆچوونی هەمووان و قۆناغەکە، قسەکانی ئەو ئاستی سەرۆککۆماریان تێپەڕاندوە و سنوری دەسەڵاتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بەزاندوە، لە کاتێکدا سیستمی تورکیا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دادەڕێژرێت واتا نابێت کەس لەو لابدات، هەرکەسێکیش ئەوە بکات، ئەوا دەبێت یان دەستلەکار بکێشێتەوە یانیش دووربخرێتەوە.
پەرلەمانتارەكە گوتیشی، قۆناغەكە بۆ توركیا زۆر هەستیارە و نابێت هیچ لایەنێك مامەڵەیەكی وا بكات كە زیان لە پرۆسەی ئێستە بدات و توركیا بخاتە مەترسییەوە، ئێستە كاتی ئەوە نییە كەس باسی داهاتووی خۆی بكات، تەنانەت عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە ئیمراڵییەوە باسی داهاتووی خۆی ناكات، چونكە هەمووان لە هەستیاریی قۆناغەكە تێدەگەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا غالیب ئەنساریئۆغڵو رای گەیاند، پێویستە هەموو لایەك خۆبەدووربگرن لەو هەنگاوانەی زەوینەی چارەسەریی تێكدەدەن و هەستیاریی دروست دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت دەرمانی دژە (ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم) بدرێتە ئەو كەسانەی دەیانەوێت گورز لە پرۆسەكە بوەشێنن.
لەلایەكی ترەوە پەرلەمانتاری دیاری دەم پارتی جەنگیز چاندار دۆستە توركەكەی كورد، داوا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات دەمی هاكان فیدان دابخات و هەڕەشە لە كورد نەكات، دەشڵێت ئەگەر پێتان وایە پێكەوەژیانی گەلان بەوجۆرە دەبێت، ئەوە بە هەڵەدا چوون.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان-دەمپارتی لەناو هۆڵی پەرلەمانی توركیاوە، پەیامێكی توندی بۆ هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا نارد لەبارەی لێدوانەكانی دژ بە كورد و بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گوت، دەمی هاكان دابخە.
جەنگیز چاندار گوتی، "بەڕێز سەرۆك كۆمار دەمی هاكان فیدان دابخە لەو هەڕەشە زمانە زبرەی بەرانبەر كورد بەكاری دەهێنێت، ئایا بەو زمانە قسەكردن ئەو بەهێزكردنی برایەتی و پێكەوەژیانە هەزار ساڵەیەیە كە ئێوە باسی دەكەن؟ "