هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(11) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵیت، سێشەممە بەرواری (١٦)ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دەست بە دابەش کردنی دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ١٥ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(١١) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، هەر ئەمڕۆش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) دەست کراوە بە ئەنجام دانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی سێشەممە بەرواری (١٦)ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دەست بە دابەش کردنی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم مانگەدا، زیاتر لە ٩٧٪ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
ئەوەش هاتووە، داوا لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هاولاتیانی ئازیزی کوردستان دەکەین کە مالپەڕ و هەژمارە فەرمییەکانی سۆشیال میدیای وەزارەتی پێشمەرگە بکەنە تاکە سەرچاوەی پشتڕاستکراوی وەرگرتنی زانیاریەکان.
جەختیشیکردەوە، لە وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لە پەیجە فەیک و ساختەکان دووربکەونەوە، چونکە مەبەستیان بەلاڕێبردنی ڕای گشتی و شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی پشێوی و بێ متمانەییە.