هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتنی دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند و ئاماژە بە دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، بڕی (٢٩٥ ملیار و ٤٠٥ ملیۆن) دینار وەک دواین پشکی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. وەزارەت جەختی کردەوە کە:
• دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە، هەر ئەمڕۆ خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت.
• دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەکرێت.
وەزارەتی دارایی نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕینی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە و ڕایگەیاند:
1. بڕینی نوێ: وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (١٦ ملیار و ١٠٧ ملیۆن) دیناری لە مووچەی شوبات نەناردووە، کە شایستەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە.
2. شایستە کۆنەکان: بڕی (٣٦ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن) دیناری تریش کە مانگی ڕابردوو بڕدرابوو، خەرج نەکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تیمی تەکنیکی ڕوونکردنەوەی پێویستی داوەتە بەغدا.
بڕە پارە بڕدراوەکان پەیوەستن بە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر، کە حکومەتی فیدراڵ سەرەڕای نووسراوە فەرمییەکان، هێشتا ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنیان نەداوە.