هەرێم نیوز
ئەمریکا کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی دیکەی وڵاتەکەی لە سوریا راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، هێرشی تەدمور لە میانی کۆبوونەوەی ئەمنی سوریا و ئەمریکی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دا*عش ڕوویداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدەری ئەو هێرشە تیرۆریستییە کە هێزە ئەمنییەکانی سووریا و ئەمریکای لە تەدمور کردبووە ئامانج، کوژرا.
ئەوەش هاتووە، لە هێرشەکەدا دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی ئەمریکی کوژران و سێ ئەندامی دیکەی خزمەتگوزاری برینداربوون.
لەوبارەیەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، رایگەیاند: بەداخین بۆ برینداربوونی ژمارەیەك ئەندامی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکی، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە بیابانی سوریا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا .
مەزڵوم عەبدی لە سەكۆی "ئێكس" ئەوەشی نوسیوە: زیادبوونی ئەوهێرشانە پێویستی بە ئیرادەیەکی زیاترو هەوڵی هاوبەش هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و شانەکانیدا، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دو بەرپرسی سوری بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سوریا و هێزێکی ئەمریکی لەو هاوپەیمانییەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ شەڕی دژی داعش سەرکردایەتی دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەدا لە شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا هێرشیان كراوەتەسەر. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە بریندار هەیە