هەرێم نیوز
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هێرشكرایە سەر دەورییەكی هاوبەشكی هێزەكانی ئەمریكا و سوریا لە شاری تەدموری ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی ئەو وڵاتە و بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەكان بریندار هەیە.
دو بەرپرسی سوری بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سوریا و هێزێکی ئەمریکی لەو هاوپەیمانییەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ شەڕی دژی داعش سەرکردایەتی دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەدا لە شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا هێرشیان كراوەتەسەر. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە بریندار هەیە. تا ئێستاش وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ ئاژانسی هەواڵی عەرەبیی سوری "سانا" ئاشکرای کردوە، "ڕوداوەکە بوەتە هۆی برینداربونی دو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سوریا و ژمارەیەک لە سەربازانی هێزەکانی ئەمریکا، هاوکات تەقەکەرەکە کوژراوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا زانیاری زیاتر دەربارەی پاڵنەر یان وردەکارییەکانی ڕوداوەکە بەردەست بێت".
بەگوێرەی ئاژانسە فەرمییەكەی سوریا، "بەهۆی ڕوداوەکەوە هاتوچۆ لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دێرەزور-دیمەشق بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشدا کە "دوای ڕوداوی تەقەکردنەکە، هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ بنکەی تەنف دەستوەردانیان کردوە".