هەرێم نیوز
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پشتڕاستی کردەوە کە مۆندیالی 2026 دوایین پاڵەوانێتی گەورەی نێودەوڵەتی ئەو دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
ئەو یاریزانە تەمەن 40 ساڵە، کە خاوەنی پێنج باڵۆندۆرە لەگەڵ کۆمەڵێک نازناوی گەورەی بەکۆمەڵ، پشتڕاستی کردەوە کە لە یەک یان دوو ساڵی داهاتوودا واز لە یاریکردن دەهێنێت.
کریس دانی بەوەدانا کە دەیەوێت 1000 گۆڵ تۆمار بکات پێش ئەوەی کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی پڕشنگداری بهێنێت و ئێستا 953 گۆڵی هەیە.
رۆناڵدۆ سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەکات بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال ئەگەر رۆژی پێنجشەممە لە ئێرلەندا بباتەوە، گەیشتن بۆ مۆندیال مسۆگەر دەکات و مۆندیالی هاوینی داهاتوو شەشەمین و دوایین بەشداریی دەبێت لە مۆندیال.
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە لە کۆنگرەیەکدا لێیان پرسی کە کەی واز لە یاریکردن دەهێنیت؟ رۆناڵدۆ لە وەڵامدا گوتی "بەم زووانە، بەڵام من ئێستا زۆر چێژ لەم ساتە وەردەگرم. وەک دەزانیت لە تۆپی پێدا کاتێک دەگەیتە تەمەنێک، مانگەکان زۆر خێرا دەڕۆن، بۆیە ئێستا تەنیا جێژ لەو ساتە وەردەگرم، بەڵام بێگومان با راستگۆ بین، کاتێک دەڵێم بەم زووانە، واتە لەوانەیە یەک یان دوو ساڵی دیکە لە یارییکردن بەردەوام بم.
بەپێی ئەم لێدوانە، کۆتاییهاتنی سەردەمی رۆناڵدۆ نزیکتر دەبێتەوە. مۆندیالی 2026 دوایین دەرفەتی دەبێت بۆ ئەوەی جێپەنجەیەکی هەمیشەیی لەسەر هەڵبژاردەی نیشتمانی پۆرتوگال بەجێبهێڵێت، لەوانەیە بتوانێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بباتەوە.