هەرێم نیوز
رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 55%ی تێپەڕاندوە و لە دەنگدانی تایبەتیش 82.5%، كە بە كۆی گشتی 12 ملیۆن و سێ هەزار و 143 دەنگدەر، دەنگیانداوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕایگەیاند: ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی عێراقدا بۆ دەنگدان بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، زیاتر لە 55% بووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بڵاوی کردەوە، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی 10 ملیۆن و 898 هەزار و 327 کەس بوون لە کۆی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 دەنگدەر، ئەوەش ڕێژەی 54% پێکدەهێنێت.
ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پەیوەستە بە دەنگدانی تایبەت کە لە 9ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجامدرا، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە چەکدارەکان و هێزی ئاسایشی ناوخۆ، ملیۆنێک و 84 هەزار و 289 بووە لەکۆی ملیۆنێک و 313 هەزار و 980 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەکە دەگاتە 82.5%.
پەیوەست بە دەنگدانی ئاوارەکانیش، کۆمیسیۆن ڕایدەگەیەنێت: 20 هەزار و 527 ئاوارە لەکۆی 26 هەزار و 538 ئاوارە دەنگیان داوە کە ڕێژەی 77% پێک دەهێنن لە تەواوی وێستگەکانی دەنگداندا لە سەرتاسەری عێراق.
کۆمیسیۆن ئاشکرای دەکات، کۆی گشتی دەنگدەرانی تایبەت و گشتی نزیکەی 12 ملیۆن و 3 هەزار و 143 کەس بووە، بەمەش ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران زیاتر لە 55% بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، كاتژمێر 7:00ی بهیانی ڕۆژی سێشهممه دهنگدانی گشتی له عێراق و ههرێمی كوردستان دهستیپێكرد، ههشت ههزار و 703 بنكهی دهنگدان كه له 39 ههزار و 285 وێستگه پێكدێن، كرانهوه. كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن.