دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی؛ ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوای بەشداریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت بۆ گەلی عێراق چونکە گەلی عێراق شایستە ژیانێکی باشتر و شایستەترن.

چێرڤان بارزانی لە پاش دەنگدان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆسەیەکی گرینگە و ئەم هەڵبژاردنانە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانە کە لە عێراق کراوە.  هیواشی خواست ئەم هەڵبژاردنە سەرەتایەکی نوێ بێ بۆ عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ کە هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی عێراقدا بە ماف و دەسکەوتەکانیان بگەن.
بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، دەنگدان مافە و بەرپرسیارێتییەکەی گەورەیە و دەبێ هەموو لایەنەکانی عێراق گرنگی بەم بابەتە بدەن لەبەر ئەوەی عێراق لەسەر ڕێچکەیەکی دروستی دیموکراسی دەڕوات و گرنگە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەرەو سندووقی دەنگدان بڕۆن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە دەنگدانی تایبەت بە ئارامی و ڕێکوپێکی بەڕێوەچوو و هیوای خواست ئەمڕۆش دەنگدانی گشتی بە ئارامی بەڕێوە بچێت و سوپاسی هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد کە بە باشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. هەروەها سوپاسی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقی کرد بۆ ئەو ڕێکارانەی تا ئێستا گرتوویەتە بەر.

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ عێراق بێت لەبەر ئەوەی گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشتر و ڕۆژی باشترن لە ژیانی خۆیاندا. گوتیشی هیوادارم ئەمە سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ گەلی عێراق دابین بکرێت و ژیانیان باشتر ببێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد عێراق لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە گۆڕانێکی زۆر باشی بەسەر هاتووە و ئەم هەڵبژاردنە مانای ئەوەیە سەرەتایەکی نوێ لە قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی ببێتە زامنی ئارامی و ئاسایش بۆ هەموو گەلی عێراق.

جەختیشی کردەوە گفتوگۆکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوام دەبێت و ئەوان وەک پارتی گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ڕەد ناکەنەوە و کێشەکان دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرانسەری عێراق پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە لە زیاتر 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری لە پرۆسەکە دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP