دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هێرشکەرانی کەرکوک و خورماتوو سزای یاسایی دەدرێن

هەرێم نیوز

لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،  لە سەرانسەری عێراقدا 143 پێشێلکاری جۆراوجۆر لە میانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کراون. سەرەڕای ئەم پێشێلکارییانە، لیژنەکە جەختی لەسەر سەرکەوتوویی پلانی ئەمنی کردەوە کە بۆ پاراستنی سەقامگیری پرۆسەکە داڕێژرابوو، وتیشی هێرشکەرانی ڕووداوەکانی کەرکوک و خورماتوو دەستگیرکراون و بەپێ یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بۆ شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە کاری لیژنەکەیان لە ماوەی پڕۆسەکەدا:

لیژنە ئەمنییەکە لەبارەی ڕووداوەکەی کەرکوک کە کوژرانی دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی دوو کەسی سڤیلی لێکەوتەوە ڕایگەیاند: تەواوی هێرشکەر و تۆمەتبارانی ڕووداوەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، بە دڵنیاییەوە سزای یاسایی دەدرێن.

لەبارەی ڕوداووکانی خورماتوش لە ڕۆژی هەڵبژارندا لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەدا کراوە کە دەستیان هەبووە لە گرژییەکانی ڕۆژی هەڵبژاردن، ئەو کەسانە سەر بە هێزە ئەمنییەکان بووبن یاخود هاووڵاتیی ئاسایی، سەرجەمیشیان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە، لیژنەی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە چەندین گومانلێکراو دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەوە بەردەوامن.

لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان ستایشی ڕۆڵی هاووڵاتیانی عێراقی کرد لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دەنگداندا و بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد.

ئه‌وه‌ش دووپات دەکاتەوە کە سەرەڕای هەندێک کێشە و پێشێلکاری، ئامانجی سەرەکیی پلانە ئەمنییەکە بۆ پاراستنی پرۆسەیەکی دەنگدانی ئارام بەدی هاتووە.
لیژنەکە گوتیشی: "لێکۆڵینەوەکان لەبارەی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکان بەردەوام دەبن بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە و پاراستنی مافی دەنگدەران و سەلامەتی گشتی.

پێرێ شەو چەند بە چەند کاتژمێرێک بەر لە هەڵبژاردن، لە کەرکوک شەڕەتەقە لەنێوان کورد و تورکمان دروستبوو، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و دوو هاووڵاتیی سڤیلیش برینداربوون،

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ لە میانی بەڕێوەچونی هەڵبژادرندان، لە سنوری خورماتوو چەند هێرشکارییەک بەرامبەر کوردانی ناوچەکە ئەنجامدران، دیارترینیان هێرشکردنە سەر گەنجێکبوو بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP