هەرێم نیوز
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویکردەوە کە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە دیداری خۆیدا لەگەڵ جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە ٦٠%ی تونێلەکانی حەماس لە سەرانسەری غەززەدا هێشتا لەناونەبراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نیوەی ئەم تونێلانە دەکەونە لای ئیسرائیلی "هێڵی زەرد"؛ ئەو ناوچەیەی کە سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای ئاگربەست لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر لێی کشاوەتەوە. کەناڵی ١٢ ئاماژەی بەوە کردووە کە لەناوبردنی ئەم بەشەی تونێلەکان لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا بۆ ئیسرائیل ئاسانتر دەبێت.
سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای ئەمساڵدا خەمڵاندبووی کە تەنها نزیکەی ٢٥%ی تونێلەکانی حەماس لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا لە سەرەتای جەنگەوە خاپوور کراون. سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی سەربازی جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرنجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر ئەو تونێلانەن کە راستەوخۆ بۆ هێرشەکان بەکاردەهێنرێن، هەروەها ناوەندەکانی فەرماندەیی و بەرهەمهێنانی چەک، کە بەشێکی زۆریان لەناوچوون.