دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: خزمەتکردن ئیرەیی ناوێت، تەنیا دڵسۆزی دەوێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەش کرد. 

 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و بێستانە و 80 گوندی دەوروبەریی كردەوە و لە وتارێكدا ڕایگەیاند: "خوای گەورە دەفەرموێ: بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ) كە واتا هەموو شتێكی زیندوومان لە ئاو دروست كردووە، لە كوردەواریی خۆشمان دەڵێین ئاوەدانی، كەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاو، بەبێ ئاو ژیان نابێت، زۆر گرنگە كە ئێمە ئەو ئاوە و ئەو نیعمەتەی كە خوا بە ئێمەی داوە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین و بەفیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین."

دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، خوشک و برایانی ئازیز، زۆر زۆر بەخێر بێن بەیانیتان باش.

خوای گەورە دەفەرموێ هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروست کردووە. لە کوردەواریی خۆشمان دەڵێین ئاوەدانی. کەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاو. بە بێ ئاو ژیان نابێت. زۆر گرنگە ئێمە ئەو ئاوە و ئەو نیعمەتەی خوا بە ئێمەی داوە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرین و بە فیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین.

ئێمە ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەوە کردووە کە بە فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی داواکاریی خەڵک بۆ ئاو پێویستیمان بەوەیە کە پڕۆژەی ئاو بە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دێهاتەکانمان بگات. هەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە ئاسوودە بن و هەم بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین و نەهێڵین ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان بەم شێوەیە ئەوەندە بچێتە خوارەوە. کەواتە زۆر گرنگە ئێمە بتوانین بەم پڕۆژانە زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکار بێنین. ئەم ئاوە هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ کشتوکاڵ، هەم بۆ باشتر کردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر زۆر گرنگ دەبێت.

پێش ماوەیەکیش پڕۆژەیەکی تری گەورەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر کە ئەنجام درا و بە کۆتایی گەیشت، ئەویش هەر دیسان بەشێک بووە لەو پڕۆژە و بەرنامانەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانبووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین بەڵێنێکی تریشمان جێبەجێ کرد و ئەم پڕۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند. پیرۆزە لە هەمووتان.

من دەستخۆشی لە کۆمپانیای ئاوزان دەکەم کە بە ڕاستی لە کاتێکی پێوانەییدا بە دڵسۆزی و ماندووبوونێکی زۆرەوە توانیان بە کەمتر لە ساڵێک ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن. سوپاس و دەستخۆشیی وەزارەتی شارەوانییش دەکەم کە بە هەمان شێوە پاڵپشت و هاوکار بوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە و سوپاسی  پارێزگا و قایمەقام و هەموو فەرمانبەرانی حکوومەتیش دەکەم کە هەموویان هاوبەش بوون و هەمووشیان هاوپشکن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژانە. دەستخۆشی لە هەموو لایەکتان دەکەم.

پاراستنی ئاو ئەرکی هەموومانە. پێویستە هەموومان بە وریایی ئاوەکەمان و ژینگەکەمان بپارێزین. لە ساڵانی ڕابردوو باران کەم باریوە و ڕووبارەکان لە زۆر شوێن وشک بوون. کاریگەریی کەمبارین لە عێراق زۆر دیارە. ئێمەش بێبەش نابین لەوە. بە داخەوە تەنیا دەتوانین زەرەر و زیانی کەم ئاوی لەسەر خۆمان و لەسەر ژینگەکەمان کەم بکەین. هیوادارین ئەمساڵ وەکوو ساڵانی ڕابردووش نەبێ و خوا بارانی ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێ و تووشی کەمئاوی لەوە زیاتر نەبین. بەڵام ئەو پێشبینییانەی کە کردمان و بەو پڕۆژانە دڵنیام ئێمە ناگەینە مەرحەلەیەک ناچار بین بە کۆچکردن. چونکە بێگومان کاریگەریی کەمئاوی لەسەر خەڵک زۆر زۆرە و عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی بە شێوەیەکی دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە.

مەترسیی کەمئاوی مەترسیی تریشی لەگەڵ دێ. مەسەلەن کۆچکردنی هاووڵاتییان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر. چونکە ژیانی ئینسان وایە بە دوای ئاودا دەگەڕێ، بە دوای ژیاندا دەگەڕێ. لە شوێنێک ئاو نەبێ و بەبیابانبوون دروست بێ، خەڵک ڕوو لە شوێنێک دەکات کە ژیانی تێدایە. ئێمە هەوڵێکی جیددیمان داوە لەگەڵ دۆستەکانمان لە دەرەوەش کە یارمەتیمان بدەن، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە، کێشەی گۆڕینی کەشوهەوا کە لەسەر ئاستی جیهانی ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیددی، هەوڵ بدەین چارەسەری بکەین. ئێمەش بەشێک بین لەو چارەسەرییە و ئەو ڕوئیایەی ئێمە هەمانبووە لە کوردستان، بەش بە حاڵی خۆمان بەرنامەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە، لە خواش بەزیاد بێ دەبینین کاریگەرییشی هەبووە و خەڵکی ئێمە تاحەدێکی زۆر توانیویانە ئاسوودە بن.

جگە لەو پڕۆژانە ئێمە چەندین پڕۆژەی تریشمان لەبەر دەستن. هێندێکیان جێبەجێ کراون. هێندێکیان خەریکن جێبەجێ دەکرێن و هێندێکیش پلانیان بۆ داڕێژراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن. تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارمان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوی دووکان-سلێمانی دا کە ئەوەش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانییش کۆتایی دێنێت. پڕۆژەکانی تریش هیوادارم لە کاتێکی زوودا بە ئەنجام بگەن بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک لە کوردستان نەمێنێت کە تووشی گرفت و قەیرانی کەمئاوی ببێت.
من داوایەکیشم هەیە لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست، لە قوتابخانەکان، بە تایبەتی لە مامۆستایانی ئایینی لە ڕۆشنبیران، کە ڕێنماییمان بکەن، ئامۆژگاریمان بکەن بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت. دەست بە ئاوەوە بگرین. نیعمەتێکی گەورەیە، بەڵام با بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین. ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەکەمان خۆشتر بکەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەربگرین کە خوا پێی بەخشیوین. بابەتی وشیارکردنەوە بابەتێکی گرنگە. داوا دەکەم نەک تەنیا بابەتی ئاو، بەڵکوو ژینگەپارێزی بە شێوەیەکی گشتی ببێت بە کولتوورێک هەموومان پێیەوە پابەند بین.

کاری زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین کە خەڵک بە ئێمەی داوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک دابین بکەین. نەک تەنیا ئاو بەڵکوو پرۆژەی ڕووناکییە، ڕێگەوبانە، بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانە، کەرتی تەندروستییە، کەرتی پەروەردەیە، ئەمە هەمووی ئەرکی ئێمە بووە و هیچ منەتێکی تێدا نییە و هەمیشەش ویستوومانە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین. خزمەتکردن بە ڕاستی ئێرەیی ناوێ، تەنیا دڵسۆزیی دەوێ. ئەوەی بیەوێ خزمەت بکات، ئەوەندەی بەسە دڵسۆز بێت و دەتوانێ خزمەت بکات.

سامانی نیشتمانی سامانی هەموو خەڵکی کوردستانە. موڵکی شەخسیی هیچ کەسێک نییە و پێویستە ئەم سامانە بۆ خەڵک بە باشترین شێوەی سوودی لێ وەربگیرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ئێوە تاکوو ئێوە متمانەتان پێمانە و بە سەربەرزییەوە و بە شانازییەوە خۆمان بە خزمەتکاری ئێوە دەزانین. هیوادارین بەردەوام بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

هەر تەندروست و سەلامەت بن و خوای گەورە سەلامەتتان بکات و کوردستانیشمان ئاوەدان بکات



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP