هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی پارتی لە دهۆک رایگەیاند، دهۆک هەمیشە لە پشت پارتی بووە و "نەیارانی بێ ئومێد کردووە."
نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەم هەڵبژاردنی بۆ "پارتی و داهاتووی ئێمە گرنگە" و "پارتی بەرەو یەک ملیۆن دەنگ دەڕوات."
نێچیرڤان بارزانی رووی لە دەنگدەرانی پارتی کرد و وتیشی، "پارتی بەردەوام دەبێت لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتن."
جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی سەرکەوتنی حیزبەکەی وتی، "سەرکەوتنی پارتی یەکسانە بە سەرکەوتی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی جارێكی تر دووپاتی لە گرنگی هەڵبژاردن كردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە پارتی بەهێز بێت لە بەغدا، چونكە لە رووخانی رژێمەوە تا ئێستە پارتی رۆڵی گرنگی هەبووە و لە نووسینەوەی دەستووریشدا چەندان ماف جێگیر كراون، بۆیە پێویستە هێزی پارتی ئەو مافانە بەدەست بێنێت.
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، بەڵێنی ئێمە ئەوەیە لە 11ـی مانگ پێکەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەینە لیستیی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکوو خزمەتی ئێوە بکات، بۆچی پێویستە پارتی بەهێز بێت لە بەغدا؟ ساڵی 2003 کاتی ڕژێمی بەعس ڕووخا پارتی ڕۆلێکی کاریگەریی هەبوو لەوبابەتە، لە ساڵی 2005 کاتێک دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرایەوە هەندێک مافی ئێمە جێگیر کرا، ئەمەش دەستکەوتێکی مەزن بوو، کە بە پێداگریی سەرۆک بارزانی هەندێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە دەستووری عێراق جێگیرکران.
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: ئێستا قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەستی پێکردووە، ئەم قۆناغە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە دەتوانین ناوی بنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، چونکە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە نێوان کوردستان و عێراقدا هەیە لە ئەنجامی پشگوێخستنی دەستوورە.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: ئەو هێزەی پارێزگاری لەو دەستکەوتانە دەکات پارتیە، باشە پارتی چۆن لە بەغدا بەهێز بێت، هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە بمانەوێت کوردستانێکی بەهێز هەبێت، بەڵێنی ئێمە و ئێوە ئەوەیە لە 11ی ئەم مانگە، پێویستە لە ڕۆژی هەڵبژاردن زۆر بەهێز بەرەو دەنگدان بچین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی لەساڵی 1946 وەکوو مانگێک بۆ کوردستان و کوردایەتی دامەزرا، ئەوکاتە کورد و کوردستان لە ڕەوشێکی زۆر خراپ بوو، بەلام کە پارتی دامەزرا ئومیدی بۆ کوردستان وگەڕاندەوە، لە ئەنجامی خەباتی پارتی لە ساڵی 1968، ناوی کورد کەوتە ناو دەستووری عێراق.