دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەی (شۆرەش - هێتیت)ی كردەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەکی گەورە و سەردەمیانەی لە کۆمەڵگەی هێتیت لە دەڤەری دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی کردەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی شۆڕش-هێتیتی لە دەڤەری دێرەلووک کردەوە و لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی لە خەڵکی دەفەرەکە و ستافی نەخۆشخانەکە کرد.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها دەستخۆشیی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کرد کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ئەم نەخۆشخانەیەی کردووەتەوە و هیوای خواست سوودێکی زۆر بە خەڵکی دەڤەرەکە بگەیەنێت.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "داخوازیی خەڵکی ئەم دەڤەرە ئەوە بوو نەخۆشخانەیەک لێرە دروست بکەین لەبەر ئەوەی زۆر جار بە تایبەت لە وەرزی زستاندا و بە تایبەت کاتێک بەفر هەبا، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیکە لە هەولێر و دهۆک و ئامێدی. هەر بۆیەش بڕیار درا بۆ دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە و تا ئەمڕۆ کارێکی زۆر باشی لێ کراوە"

سەرۆکی حکوومەتی گوتیشی: "من چووم سەردانی هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکەم کرد. بە ڕاستی بە شێوازێکی زۆر سەردەمییانە و ئامێری زۆر پێشکەوتوو ئامادە کراوە و باوەڕیشم وایە دکتۆر و پەرستاری زۆر باشیشمان هەیە و زۆر باش چاوەدێریی خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکەن و جارێکی دیکە ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شارێکی دیکە بکەن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "خەڵکی دەڤەرەکە شیاوی ئەوەن هەموو خزمەتێکیان بکرێت لەبەر ئەوەی قوربانیی زۆریان داوە و بەردەوام شۆڕش لەم ناوچەیە هەبووە و ئێستاش نۆرەی ئێمەیە خزمەتێکی زیاتری خەڵکی ئەم دەڤەرە بکەین. ئیشەڵلا زیاتریشی دەکەین"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP