هەرێم نیوز
سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت؛ سوپای کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی کە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە سەروەری خاکی ئێران بکرێت.
ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، حەبیبوڵڵا سەیاری سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، توانای سەربازیی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، لە توانایدایە وەڵامی هەموو هێرشێکی سەربازی بداتەوە چ لە وشکانی، ئاسمانی یان سنوورە ئاوییەکانەوە بێت.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، سوپا گەرەنتی و بەهێزی مانەوەی داهاتووی ئێرانە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ هەیینی، عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس جەختیان لە بەردەوامی هاوکارییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە لە بواری بەرگری، تەکنیکی و پیشەسازیی سەربازی.
بە گوێرەی ئیرنا، هەردوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان بە تایبەتی لە کەرتی وزە و پیشەسازی، هاوکات بە تێڕوانینی نوێوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان نەخشە ڕێگەی نوێ دابڕێژن بۆ برەودان بە هاوکارییەکانی نێوانیان لە بواری پیشەسازی سەربازی.
لەلایەن خۆیەوە، دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس، باسی لەوەکردوە، هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو وڵاتە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پێشەسازیدا بۆ ئەوان گرنگە و دەتوانن سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینن بۆ زیاتر گەشەپێدان لە بوارەکانی تەکنیکی و بەرگریدا.
لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تاران هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی، بە تایبەت لە ڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەک و سیستەمی پێشکەوتوو دەدات.