دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

پێکەنیناویترین دۆزینەوەی زانست ،ڕەنگە ترسناکترینیان بێت

هەرێم نیوز

لەماڵەوە دانیشتوویت و تەماشای فیلمی (ترۆی) دەکەیت ، دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە وەختێک (ئەکیل) بەتەنها دێتە بەردەم شارەکە و داوای ڕووبەڕوبوونەوە لە هیکتۆری شازادە دەکات ، هیکتۆریش هاوسەرەکەی و  منداڵە تازە لە دایک بووەکەی ماچ دەکات و زرێ و قەڵغانەکەی هەڵدەگرێت و دەیەوێت بڕوات بۆ ڕووبەڕووبونەوە ، لەو کاتەدا ڕیکلامێک دێتە سەر شاشەکە و دەڵێت (بۆ خاوکردنەوەی قژ شامپۆی فڵان بەکار بهێنە) (ئەگەر برسیتانە لەڕێگای ئەم ئەپەوە داوای کۆلایەک و بەرگەرکینگێک بکە) 

چی ؟ ئەگەر لە داهاتوودا ئەم ڕیکلامانە بخرێتە سەر زمان و مێشکی مرۆڤ ، دیمەنەکە ترسناکە ، بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەیت لەماڵەوە ، لەپڕ زمانت دەوەستێت و لەگەرمەی هەواڵ پرسیندا بڵێیت (کۆمپانیای فڵان بۆ کۆنکرێتی ئامادەکراو) 

ئەمڕۆ کەناڵێکی وەکو  (یوتیوب و نێتفلێکس و کەنالەکانی فیلم و هەواڵ) بۆ ئەوەی لەکاتی تەماشاکردنی ڤیدیۆیەکدا ڕیکلامت نیشان نەدات ، دەبێت بڕێک پارە بدەیت ، چی ئەگەر سبەی کۆمپانیاکان لەبەرامبەری ئەوەی ڕیکلام لەسەر زمان و ئاگاهی مرۆڤ نەهێڵن داوای بڕێک پارەبکەن؟
..............................
چیرۆکی (بلاک میرەر- ئاوێنەی ڕەش) لێرەوە دەست پێدەکات ، ژنێک لەنەخۆشخانە زەبرێک بەر مێشکی کەوتووە و دەبێت بمرێت ، بەڵام کۆمپانیایەکی تەندروستی ، بە هاوسەرەکەی دەڵێن ئێمە تاقی کردنەوەیەکی زانستیمان هەیە ، ناهێڵین بمرێت ، بەڵام دەبێت مانگانە بڕی (٥٠٠$) بدەیت وەک کرێچی ، هاوسەرەکەی ڕازی دەبێت ، پاشان شەوێک لەکاتی سەرجێیکردن ، ژنەکەی لەپڕ خۆنەویستانە ڕیکلامێک دەجێتە سەر دەنگی ، لەبری کاردانەوەی سەرجێی ڕیکلام بۆ بنێشت دەکات ، وەختێک سەردانی کۆمپانیاکە دەکەن ، دەڵێن ئەوە ریکلامی کۆمپانیاکەیە و خراوەتە سەر ئامێرەکەی مێشکی ، بۆ ئەوەی ئەو ریکلامە نەمێنێت ، دەبێت قیستی مانگانە بکەن بە (٧٠٠$) بەم چەشنە هەموو مانگێک کرێکەی بەرز تر دەبێتەوە ، هەتا ئەگاتە ئەو دۆخەی ئیتر هاوسەرەکەی بە کارەکەی خۆی دەرەقەتی ئەو خەرجییە زۆرە نایەت ، ناچار شەوان لایڤ دەکاتەوە و خەریکی چاڵێنجی سەیر و سەمەرە دەبێت ، لە کۆتاییدا قیستی کۆمپانییەکە ئەمەندە زۆر دەبێت ، هاوسەری ژنەکە ناچارە ، لە لایڤدا هەندێک کاری نەشیاو بکات لەبەرامبەر چەند هەزار دۆلارێک ، وەختێک ڤیدیۆکانی بڵاو دەبنەوە ، دەبێتە گاڵتەجاری کۆمەڵگا و هاورێکانی سەرەنجام خۆشی باری دەروونی تێک دەچێت و کارەکەی لەدەست دەدات و هاوسەرەکەشی دەمرێت.

ئەمڕۆ تەواوی جیهان و سیستەمەکە بانگهێشتمان دەکەن بۆ ئەم جۆرە لە کرێچی بوون لەرێگەی زانستەوە ، بۆ ئەم جۆرە لە شێت بوون لەرێگەی خەرجیەوە ، بۆ ئەم جۆرە لە ڕووت بوونەوە و ئابڕووچون لە رێگەی بیرۆکەی نەمرییەوە.
.............................
خراپترین شت ڕەنگە لە داهاتوودا هێنانەوەی یادەوەری و نهێنییەکانی مرۆڤ بێت لەرێگای زانستەوە ، (میکرۆچیپ)ەکان کە خانەیەکی زۆر بچووکی ئەلکتۆرنین و دەنوسێن بە مێشکی مرۆڤدا ، کە پێک دێن لە ملیۆنان (ترانزستۆر)ی ورد تر کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەکی گەورەی حسابی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا. ئەمڕۆ چۆن ئەپڵ ۆچ و کاتژمێرە زیرەکەکان ئاگایان لە لێدانی دڵ و فشارەکانمانە و پێمان دەڵێن چی بکەین و نەکەین ، ڕەنگە لەداهاتوودا ، بتوانن بمانبەنەوە سەر ئەو نهێنیانەی کە نەک لە دەروونی مرۆڤدا نێژراون بەڵکو کەس ناوێرێت بیریشیان لێبکاتەوە.

چی دەبێت ؟ ئەگەر ، لەرێگەی چیپێکی بچوکەوە ، سەرجەم ئەو شتانەی کە نهێنین و کەس نایانزانێت ، بخرێنەوە ڕوو ؟ (ئاوێنەی ڕەش) پێمان دەڵێت رەنگە لەداهاتوودا زۆرینەی ژن و مێردەکان ، لەرێگای ئەم چیپەوە هەرچی لە مێشکیاندا گوزەراوە و دەگوزەرێت ، داوا بکەن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکەی مالەوە نیشانی یەکتری بدەن.

ترسناکترین بەشی مرۆڤ ئەو شتانەیە کە تەنها خۆی دەیزانێت سەبارەت بەخۆی ، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە ڕۆژێک زانست دەستی بگات بەم بەشەی ئێمە و نیشانی خۆمان و کەسوکار و کۆمەڵگا و هاوسەر و ویژدان و دادگاکان و یاساکان و پاکیزەیی خۆمانی بداتەوە ، ئایا کەس سەلامەت دەبێت ؟

هەر یەکە لە فەیلەسوفانی وەک (کارڵ پۆپەر ، بیکن ، فۆکۆ ، تۆماس کوهین ) لەسەر داهاتووی زانست نیگەرانی و خۆشبینی و قسەی جدییان هەبووە ، بەڵام ڕەنگە سەرنجڕاکێشترینیان ڕستە بەناوبانگەکەی هایدگەربێت کە دەڵێت (sience does not think - زانست ناتوانێت بیر بکاتەوە) ، بەمانای ئەوە نییە زانست لە داهاتوودا ناتوانێت دەستی بە نهێنییەکانمان بگات ، بەڵکو زانست تەنها ڕونکردنەوە دەدات و لە چییەتی بابەتەکان ناپرسێتەوە ، هەر ئەمەشە هەمووانی نیگەران کردووە و تا ئێستاش هیچ زانا و فەیلەسوفێک نازانن ، لە داهاتوودا چی ڕوودەدات.

نوقتە سەری دیڕ....
.................................................

هێمن عەبدولقادر



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP