هێمن عەبدولقادر
ئەگەر دەتەوێت بزانیت قەرزاری چۆنە ؟ بڕۆ لەوانە بپرسە کە سەری مانگیان لێبووە بە هەفتە.
ئەگەر دەتەوێت بزانیت لەش ساغی چۆنە؟ بڕۆ لەوانە بپرسە کە لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتوون.
ئەگەر دەتەوێت بزانیت شاجوانی ڕوخسار و لەش و لار و پێستی ساف چۆنە ؟ بڕۆ لە ئازارەکانی (مارلین مۆرۆ) و (سۆفیا لۆرێن) و تەنهاییەکانیان بپرسە.
ئەوانەی لە ڕێگاکە دەگەڕێنەوە ، دەزانن کام تیشکی خۆر سەرابە و کام سێبەر ڕاستەقینەیە.
ئەوانەی لە ڕێگاکە دەگەڕێنەوە ، دەزانن کام بەرد هی ئەوەیە پاڵی پێوە بدەیت و کام بەردیش هی ئەوە نییە پێڵاوەکانیشتی بخەیتە سەر.
.......................
دەڵێن:- (کە بەهار هات گۆرانی بڵێ ، کە زستان هات هەقایەت بگێڕەوە) ئەوانەی بە تەنها گۆرانی دەزانن ، ناتوانن هەقایەتێکیان هەبێت ، دەبێت لەوانە پرسن کە خەریکە دەگەڕێنەوە.
گۆرانی ئەو گەنجانەی لەناو یەخت و شەپۆلی دەریا و شەقی جەندرمە و پاسدار و کڵاشی نیشتیماندا ، حەزیان ئەکرد ببن بە کیسەیەک خوێی تەڕ و بەس مرۆڤ نەبوونایە.
چیرۆکی ئەو ئەڵقە هاوسەرگیریانەی کە نەبوون بە شمشالەکەی قالە مەڕە لەماڵدا و ، بوون بە قفڵ و کلیلی بەندینخانە بۆ یەکتری.
کێونشینەکان ، کاتێک رێبوارێکی ماندوو دەبینن ، نایوەستێنن تەنها بۆ ئەوەی پێی بلێن (ماندوو نەبیت) ، دەیوەستێنن بەڵکو بۆ ئەوەیە پێی بڵێن لەکوێوە دێیت؟ چیت بینی لە ڕێگاکە.
..................
پرسیارەکە ئەوە نییە ڕێگاکە چەند دوورە؟ بەڵکو ئەوەیە ڕێگاکە چی لە مرۆڤ دەکات.
ئەوانەی کە دەگەڕێنەوە هەندێکجار نایاناسیتەوە ، ڕێگاکە ئەوان دەگۆرێت، هەندێکیان دەکات بە پەپوولە وەختێک مێلاقە لە سەر رێگاکە دەبینێت.
هەندێکیان دەکات بە جەللاد وەختێک ، چاوشارکێی ناو کۆڵانەکان لەمنداڵیان دەستێنێت و تفەنگیان دەداتە دەست.
..............
ئەگەر ویستان بزانن ڕێگاکە چۆنە؟ لەو ژنانە بپرسن کە دوای تەمەنێک بە چوار مندالەوە دەریان دەکەن و دەچنەوە سەر ماڵی باوکیان ، لەو پیاوانە بپرسن بە بتڵێک ڤۆدگاوە ڕۆژ دەکەنەوە ، لەو دەستانە بپرسە کە لەکاتی دوعادا بۆ تۆڵە بەرز دەکرێتەوە، نەک میهرەبانی.
............................
کورد دەڵێت
(کرێی شت خواستن ، هێنانەوەیەتی) ، کرێی ڕۆشتنیش ، هەر هاتنەوەیەتی،
لەوانەی هاتوونەتەوە بپرسن ، ئایا ڕێگاکە ئەوەی ئەهێنا بۆی بڕۆین ؟
لە خانەشینێکی سەر و ڕیش سپی بەردەم ئەی تی ئێمێک بپرسن ، ئایا قەڵەمی سەوز و سور و کورسی و مێز و تاج و نەجمە و دەسەڵاتێک کە دڵی کەسی پێوە نەهێشتیت ، ئەوەی دەهێنا کە ئێستا خەریکە دەگەڕێیتەوە.
لە غەریبەیەکی دوورە وڵات ، لە تووڕەییەکی دوای دامرکانەوە ، لە عاجزییەکی دوای پەشیمانی ، لە شەهوەتێکی دوای بەتاڵ بوونەوە، بپرسە ، ڕێگاکە چۆن بوو ، چونکە وا ئەوان خەریکە دەگەڕێنەوە.
.........................
تەنها ڕێگایەک کە کەس لێی نەگەڕاوەتەوە (مردن)ە ، بۆیە کەس هیچ دەربارەی نازانێت ، بەڵام بۆ ڕێگاکانی تر شتەکە ڕوونە.
بۆ ئەوەی لە بێ مانایی و پوچێتی شتێکیش تێیبگەیت ، دەبێت ببیت بە خاوەنی ئەو شتە ، کە بوویت بە خاوەنی ، ئەوکات دەزانیت ،ئایا پێویستی دەکرد ئەو هەموو ڕێگایە بەتەنها وبە ئازار و بەڕقەوە ببڕیت؟
(بەختیارێ ، پێکەنی پێم، پێکەنیم پێی و ، ووتم:
هەر نەشیبە هەڵدەکا دامەن، بەڕەهڕەو بۆ فەراز)
(حەمدی) دەڵێت :-
دانەیەکی تازە ، لەسەر رێگاکە پێکەنی وتی ئەمە چییە ئەم هەموو برین و کزی و ماتی و بۆڵە بۆڵە ، منیش پێکەنیم وتم تۆ هێشتا دڕکی ڕێگاکە ختووکەی دڵی نەداویت ، وەرە ئەمە ڕێگاکە بڕۆ ، بەس دوای نەیەیتەوە بڵێی بەڕاستی ڕێگایەکی هیچ بوو ئەوەی نەئەهێنا وای بۆبکەم.
نوقتە سەری دێڕ ...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەگەر دەتەوێت بایەخ و پوچێتی هەر شتێک بزانیت ، لەوانە بپرسە کە پێیدا رۆیشتوون و بینیویانە، ڕەنگە زۆر تامەزرۆی نەبیت ، جا ئەمە بۆ مرۆڤی عاقڵ و فامیدەیە ، بۆ مرۆڤی گێل وەک مردن هەردەبێت پیایدا بڕوات بەڵام گەڕانەوە یان هەقایەتێکی نابێت بۆ ئەوانی تری بگێڕێتەوە جگە لە خەجاڵەتی و ڕوو زەردی.