دواین هەواڵ

عێراق‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

زانیاری لەسەر کوژرانی سەفا مەشهەدانی

هەرێم نیوز

ده ڕۆژ دوای تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە وردەکاریی نوێی لەسەر پاڵنەر و ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە بڵاوکردەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کوشتنی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، پاڵنەری تاوانکاریی هەبووە کە پەیوەست بووە بە کێبڕکێی هەڵبژاردن لە نێوان کەسانی نیشتەجێی یەک ناوچە. بە گوتەی بەرپرسانی دادوەری، تا ئێستا دوو تۆمەتبار کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە تیرۆرەکەدا کردووە، دەستگیرکراون و دانیان بە ئەنجامدانی ئەو کارەدا ناوە.

هەروەها دادوەری دۆسیەکە جەختی لەوە کردەوە کە "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ڕووداوی کوشتنەکە سروشتی تاوانکاریی هەبووە و پەیوەندیی بە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی نێوان کەسانی نیشتەجێی یەک ناوچە هەیە."

دەزگا ئەمنییەکان لە سەرەتادا دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد و پاشان ژمارەکە گەیشتە پێنج کەس کە هەموویان دانیشتووی هەمان ناوچەی تاڕمیەن.

سەفا ئەلمەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانیی (ئەلسيادە)، بەرەبەیانی 15ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیدا لە شاری تارمیە لە باکووری بەغدا کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

مەشهەدانی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو کە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا لکێنرابوو لە باکووری بەغدا، کوژرا. لە کاتی ڕووداوەکەدا 3 بۆ 4 کەس لە پاسەوانەکانیشی بریندار بوون.

جگە لەوەی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بوو لەسەر لیستی هاوپەیمانیی (ئەلسيادە)، مەشهەدانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش بوو.

هەندێک سەرچاوەی تایبەت لە تارمیە و لایەنگرانی مەشهەدانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی "چەندین باند و گرووپی داگیرکەری" بووەتەوە کە گوایە سەر بە لایەنی ئەمنین لە ناوچەکە و سەرقاڵی باج وەرگرتن و هەڕەشەکردن بوون لە هاوڵاتیان و جووتیاران.

هەندێک لایەنی سیاسیی ناو هاوپەیمانیی سیادە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تیرۆرکردنەکە "نامەیەکی سیاسی" بووە بۆ پڕۆژەی سیاسیی هاوپەیمانییەکە.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە لایەنگرانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە دوا دەرکەوتنی تەلەفزیۆنییدا، مەشهەدانی ڕەخنەی لە "دەستەی چەکدار" گرتووە و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتوانی جرف سەخر بۆ ماڵەکانیان بە توندی ڕەتکردووەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە کە پێنج تۆمەتبارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی حەشدی شەعبی دەستگیرکراون، چونکە سەر بە فەوجی حەشدی تاڕمیە بوون، کە لەژێر فەرمانی حەشدی شەعبیدایە.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە ناوی عومەر موسەننا عەبدولمەنعەم ئەلمەشهەدانی، برازای (کوڕی خوشکی) ئیبراهیم عەبدولعەبدووە، کە فەرماندەی حەشدی شەعبی ناوچەی تارمیەیە. هەروەها برایەکی ئەو دەستگیرکراوەش کە ئەفسەرێکی هەواڵگریی حەشدی شەعبییە، تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

لێکۆڵینەوە فەرمییەکان جەخت لەسەر لایەنی تاوانکاری و کێبڕکێی ناوخۆیی دەکەنەوە، بەڵام میدیا و لایەنگرانی ئاماژە بە ئەگەرێکی بەهێزتری سیاسی و پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارەکانەوە دەکەن، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی پەیوەندیی تۆمەتبارەکان بە فەوجێکی حەشدی شەعبیی ناوچەکەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP