دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا دوو هێزی میلیشیای عێراقی سەر بە ئێران سزا دەدات

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بۆ سەر ئێران، سزای دوو گرووپی چەکداری عێراقی دەدەن.

تۆمی پیگۆت،جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات، ئەمەریکا لە سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری بۆ سەر ئێران، هێزەکانی قودسی سەر بەسوپاسی پاسدارانیان کردووەتە ئامانج، چونکە هاوکاری گروپەکانی نزیک لەخۆی کردووە لە ناوچەکەدا.

تۆمی پیگۆت دەشڵێت: دوو گروپی عێراقیش لە میانی سزاکانیان دەکەنە ئامانج، ئەوانیش کەتائیبی حزبوڵڵا و جوڵانەوەی عەسائیب ئەهل حەقن، چونکە ئەم میلیشیایانە بوونەتە هۆکارێک بۆ لاوازی سەروەری عێراق و لێدان لە ئابوورییەکەی، هەروەها بەرپرسیارن لە هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە دوێنێ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەرانبەر هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاخبردنی چەک، شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی خرانە لیستی سزاکانەوە، یەکێک لە دامەزراوەکان کۆمپانیای موهەندیسە، کە لەلایەن حیزبوڵای کەتائئیب لە عێراق دامەزراوە.

کۆمپانیاکە بەڵێندەرە لە بوارەکانی بیناسازی، ئەندازیاری، میکانیکی، کشتوکاڵ و پیشەسازی، کەناڵە نافەرمیەکان بەکاردەهێنێت بۆ وەرگرتنی پارە لە گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران پشت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەبەستێت، ئەو گرووپە چەکدارانەش بەرپرسیارن لە کوشتنی چەندین سەربازی ئەمەریکی و هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

گەنجینەی ئەمەریکا دووپاتی کردووە، ئەمەریکا لە سزادانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت و تۆڕ و سەرچاوەی داراییان لەنێو دەبات.

پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەپاندنی سزا نوێیەکانی پەیوەست بە ئێران ڕاگەیاند و ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٠ کەس، کۆمپانیا و کەشتی لە وڵاتانی جۆربەجۆر لەوان ئیمارات، هۆنگ کۆنگ، سەنگافورە، هیندستان، تورکیا، چین، پەنەما، ئۆکرانیا و دوورگەکانی مارشال، سزا دراون.

لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەزارەتەکە سوپای قودسی وەک گروپێکی تیرۆریستی جیهانی تایبەت دەستنیشان کرد بەهۆی پشتگیریکردنی لە چەندین گروپی تیرۆریستی.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ٢٠١٩دا سوپای پاسداران، لەنێویاندا سوپای قودس، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکرد. هەروەها لە هاوینی 2009شدا کەتائیبی حیزبوڵڵا وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP