هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووکردنی ڕێکەوتنی شنگال و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووکردنی ڕێکەوتنی شنگال و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون. ئەو ڕێکەوتنە نەخشە ڕێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاری حکومەتی فیدراڵ. هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن. ئەمەش بۆتە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەیە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیکەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان. بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال .
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥