دواین هەواڵ

وەرزش‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ریال مەدرید دەیەوێت کریستیانۆ بگوازێتەوە

هەرێم نیوز 

دوای چەند ساڵێک لە رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی ریال مەدرید، کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت بە دەستەوارەیەک جیهان سەرسام بکات و ئەمجارە جونیۆری کوڕی بباتە ریزەکانی.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە پێشهاتێکی نوێدا بڵاویانکردووەتەوە کارگێڕیی ریال مەدرید چاودێری تواناکانی کریستیانۆ جونیۆر دەکات و دەیەوێت ئەو یاریزانە لاوە لە یانەی نەسڕی سعودییەوە بباتە ریزەکانی یانەکەی، بەتایبەت کە چاوەڕێی داهاتوویەکی باشی لێدەکرێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای عەرەبی و ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی کوڕەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکاتەوە و دەیەوێت لە داهاتوودا بیکاتە ئەستێرەیەکی یانەکە.
 
جونیۆر لە تیپی لاوانی یانەی نەسڕی سعودی یاری دەکات، هاوشێوەی کاروانی پێشووی باوکی کە هەر کاتێک باوکی چووبێتە یانەیەک، کوڕەکەیشی لە تیپی لاوانی ئەو یانەیە بووە.
 
جگە لەوەش جونیۆر یاریزانی هەڵبژاردەی خوار 15 ساڵانی پۆرتوگالە و لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ تیپەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە.
 
یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە لاوە دەکاتەوە بۆ ریزەکانی تیپی لاوانی یانەکە.
 
هەرچەند لە سەرەتای ئەمساڵ جونیۆر بۆ تیپی خوار 15 ساڵانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بانگهێشتکرا، بەڵام ئیسپانیاش دەیەوێت کریستیانۆ جونیۆر بۆ وڵاتەکە یاری بکات



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP