دواین هەواڵ

عێراق‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

گرێبەستەكانی عێراق و كۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی لە بواری نەوت و غاز له‌ كه‌ركوك

هەرێم نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ گرێبەستەكانی عێراق و كۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی لە بواری نەوت و غاز له‌ كه‌ركوك كاراكرا و تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی سه‌ره‌تایی بریتییە لە 328 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە وەكو دەستپێكی گرێبەستەكە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت له‌میانی مه‌راسیمی واژۆكردنی کاراکردنی گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک و دامەزراوەکانی غاز له‌گه‌ڵ لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم BP)ی بەریتانی، پابەندبونی وەزارەتەکەی دوپاتکردەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە کەرکوک بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوریی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پێویستی سوتەمەنی. 

وەزیری نه‌وتی عێراق باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک، کە یەکێکە لەو گرێبەستە ئومێدبەخشانەی ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک (بابا و ئافانا، جەمبور، بای حەسەن و خەباز) جگە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکور بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا". 

ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستەکە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی کار لە کەرکوک و پارێزگارەکانی نزیکی جگە لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازییە ناوخۆییەکانی دیكه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی سه‌ره‌تایی بریتییە لە 328 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە وەكو دەستپێكی گرێبەستەكە، ئەوە هاوكات لەگەڵ پرۆسەكانی پەرەپێداندا، وەزارەت دەیەوێت هەم بەرهەمهێنانی نەوتی خاو كەركوك بەرزبكاتەوە هەم وەبەرهێنانیش بكات لە غازی هاوەڵدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP