هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی 3ی 10ی 2025، وەک یەکەم ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی ئەو کاندیدانەی پەسەند کرد کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدە پەسەندکراوەکان ڕاگەیاند، کە ڕۆژی هەینی 3ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەبێت.
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 37 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی 48 کاتژمێریش پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، واتە ڕۆژی 9ی 11، کەواتە بانگەشەی هەڵبژاردن لە 8ی 11 دەوەستێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی 11ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن.