دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

دەیان كەس بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران

هەرێم نیوز

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا، بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسك ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كران .

ئەمڕۆ چوارشەممە،  وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردەوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروانی دووەم كە بریتییە لە 40 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەكانیان، بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسك، دوای پشكنین و ئامادەكارییەكانی پزیشكی و ڕێكارەكانی زانستی، لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كران.

ئاماژە بەوەش كراوە، ناردنیان بە ئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەكانی چوون و هاتنەوە و مانەوە و پشكنینەكان و نەشتەرگەری و چارەسەرییەكان، لەسەر بودجەی پێویستی دابین كراوە، بۆ ناردنی 140 تووشبووانی تالاسیمیا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسك، دوای چوونە بواری جێبەجێكردن و ناردنیان بۆ ژمارەیەك نەخۆشخانەی خاوەنی متمانەی نێودەوڵەتی JCI بە بودجەی نزیكەی 11 ملیار دینار، بۆ نەخۆشانی خاوەن بەخشەر و نەخۆشانی نەبوونی بەخشەر.

وەزیری تەندروستی لە كاتی بەڕێكردنیان، پەیامی پەرۆشی و پاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند، سوپاس و دەستخۆشی كرد بۆ ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییەی حكوومەتی هەرێم، هیوای چاكبوونەوە و گەڕانەوەیان بەسەلامەتی بۆ خواستن كە ئێستە 72 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەكاندان و لە ڕۆژانی داهاتووش كاروانی سێیەم بەڕێ دەكرێن بۆ هەمان مەبەست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP