دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بکوژی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دەستگیرکرا

هەرێم نیوز

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تۆمەتباری کوشتنی ( ئەکبەری حاجی رۆستەم )ی لەشاری بەغداد دەستگیرکرا.

ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند: ٢٢ی ئەیلولی٢٠٢٥ لەگوندی ئۆمەربلی قەزای کفری هاوڵاتی ( ئەکبەری حاجی ڕۆستەم ) دەکوژرێت، دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان  لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و چاوەڕوانی کردووە و دوای گەیشتنی (ئەکبەری حاجی ڕۆستەم)بەفیشەکێکی چەکی جۆری دەمانچە دەیکوژێت و دواتر بکوژ ئۆتۆمبێل و موبایلی کوژراو دەبات و لە شوێنی تاوان هەڵدێت و لەڕێگەی ناحیەی سلێمان بەگ دەچێتە بەغداد و لەناوچەی دۆرە لەماڵێک خۆی حەشار دەدات.


دەشڵێت: دواتر توانرا لە٢٠٢٥/٩/٢٣ لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەهەماهەنگی و زانيارى دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر بکرێت.

باسی لەوەش کردووە، تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی (٢٢)ساڵە ناوی (عەبدول عزیز جاسم محمود) دوای ڕادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لەدەزگای ئاسایشی هەرێم دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.

بەوتەی ئاسایش، لە ئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان ڕاگیڕاوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP