هەرێم نیوز
هەوڵەکانی عێراق بۆ هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە لە ڕێگەی ئێرانەوە لەژێر فشاری ئەمەریکادا شکستی هێنا و بەهۆیەوە بەغدا لە دابینکردنی کارەبا تووشی گرفت دەبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕێککەوتنەکە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 پێشنیار کرابوو، بڕیار بوو ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار مەتر سێجا غازی تورکەمەنستان لە ڕێگەی ئێرانەوە بگەیەنێتە عێراق، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا دژی وەستایەوە.
واشنتن هۆشداریشیدا لەوەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگە ببێتە هۆی سزادانی بانک و دامەزراوە داراییەکانی عێراق.
عێراق لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری کارەبای خۆی بە غازی ئێرانی دابین کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە گەیشتووەتە ٩.٥ ملیار مەتر سێجا.
هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی سزاکان لەمساڵدا توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکەی نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کەمکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێستا بەغدا چاوی لە بەدیلەکانی وەک هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لە قەتەر و عومانەوەیە، هەروەها پەرەپێدانی پڕۆژەی غاز لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک تۆتال ئینێرجیز، بی پی.