دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

دەزگای روانگە پرۆژەیەک بۆ پێشخستنى سێکتەرە مرۆییەکان

هەرێم نیوز

زۆرینەى پرۆژە گەورە و بەرجەستەکانى کوردستان جێگە دەستى دەزگاى روانگەى پێوە دیارە کە ماوەیەکى زۆر نییە کە لەلایەن (ئیدریس نێچیرڤان بارزانی) دامەزراوە، کارەکانى ئەم دەزگایە نموونەی راستەقینەیە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و پێشخستنی کۆمەڵگاى کوردیی، لەبەر ئەوەى خزمەتکردنی هاونیشتمانیيان و باشترکردنی ژیانى هاووڵاتییانى بە ئامانج گرتووە.

ئامانج لە چالاکییەکانی روانگە خزمەتکردنە بەشێوەیەکی گشتى ، بابەتەکانى رەگەز، ئایین، ئایدۆلۆژیا و جیاوازییەکانی تر تێدەپەڕێنێت، تەنانەت سنوورەکانى هەرێمى کوردستانیشى تێپەڕاندووە و دەستى گەشتووەتە ئەو بێنەوایانەى کە ئومێدێکیان بەم دەزگایە هەیە.

پرۆژەکانى ئەم دەزگایە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەئاشکرا دەبینرێت لەوانەش، پەروەردە، لاوان، ژینگە و کەسانى لێقەوماو لە بوارى کلتوریشدا بەشێوەیەکى بەرفراوان کاردەکات، ناوەندێکى توێژینەوەى تایبەتى هەیە کە گرنگی دەدات بە هەموو ئەو کێشەو گرفتانەى کە لەو بوارانەدا هەن، تا لەو رێگەیەوە خاڵە نەرێنییەکان بدۆزێتەوە و کەمیان بکاتەوە و لایەنە ئەرێنییەکانیش دەستیشان بکات و پەرەیان پێبدرێت.

روانگە لە پارێزگاکانى هەولێر، دهۆک

سلێمانى و هەڵەبجە ناوەندی کردووەتەوە، و ناوەندی سەرەکی لە پایتەختى هەرێمى کوردستانە.

لەگەڵ دامەزراندنی دەزگاکە، پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکان فراوان بوون و تادێت فراوانتریش دەبێت، پرۆژەکان بەشدارییان کردووە لە گەشەپێدانی کۆمەڵگا لە بوارەکانی ئابووری، بەهێزکردنی لاوان، پاراستنی ژینگە، کاری خێرخوازی و دروستکردنی هەلی کار بۆ لاوان، لە نێو چەندین بواری جیاوازدا.

لە بواری پاراستنی ژینگەدا کە ئێستا بووەتە کێشەیەکى نێودەوڵەتیی، روانگە بەچڕیی کاردەکات بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا وەکو: زیادکردنی رووبەری سەوزایی و بەردەوام چاندنی درەخت ،هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە.

روانگە، باوەری وایە ، کولتوور نەک تەنها رەگی نەتەوەیە و بۆ کوردیش یەکێکە لە بنەماگرنگەکانى بەهەموو رەهەندەکانیەوە، ئامرازێکی بەهێزیشە بۆ یەکگرتنی کۆمەڵگا و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و کۆدەنگی، کە نەتەوەکەمان زۆر پێویستییەتى.

بۆیە، روانگە هەمیشە پشتگیری پڕۆژە کولتوورییەکانی کردووە و بەردەوام هەوڵی داوە کولتوور و ناسنامەی کوردی لە بەرنامە سەرەکییەکانی دەزگاکە دا بگونجێنێت.

پەروەردەش وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر لە پێشینەی کارەکانى، چوون روانگە باوەڕی وایە کە پەروەردە نەک تەنها رێگایەکە بۆ پێشکەوتنی تاکەکان، بەڵکو بنچینەیەکی گرنگیشە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو.

بۆیە دەزگای روانگە هەوڵی داوە ئاستی پەروەردە باشتر بکات، بەتایبەتی لە ناوچە کەم دەرفەت و دوورەدەستەکان و لە ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانیش گرنگی زۆری داوە بە پرۆسەى پەروەردە.

بۆ ئەوەى ئاستى پرۆژەکانى ئەم دەزگایە بە بچووککراوەیی بەرجەستە بکرێت دەبێت ئاماژە بە کردنەوەى هۆڵی روانگە بکەین لە پارێزگاى هەڵەبجە. پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٩،٦٠٠ مەتر چوارگۆشە بنیات نراوە و لەو ڕێژەیە ٣٠٪  ڕووبەرەکەی سەوزاییە. ساڵی ٢٠٢٣ بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا و لە ساڵی ٢٠٢٥  پرۆسەی بنیاتنانی هۆڵی روانگە بە ستانداردی جیهانی بە پایان گەیشتوووە.

هۆڵەکە ٥٠٦ ئامادەبوو لە خۆ دەگرێت و هەموو پێداویستییەکانی پەیوەست بە هۆڵێکی سەردەمییانەی بۆ دابینکراوە. بەشێک لەوانە بریتیە لە سیستەمێکی دەنگ و ڕەنگ و ڕووناکی و  ئاگرکوژێنەوەی پێشکەوتوو لە هەمان کاتدا ژووری کارمەندان و گەلەریی و هۆڵی کۆبوونەوە و شانۆی ڕۆمانی، دەبێت بگوترێت هۆڵی روانگە ناوەندێکە بۆ گرنگیدان بە  کولتوور و پەروەردە و کۆبوونەوە فەرمی و  کۆمەڵایەتییەکان لە شاری هەڵەبجە، کەوەک دیارییەکی بچووک پێشکەش بەو شارە ستەمدیدەیە کراوە و پێدەچێت لە داهاتووشدا پرۆژەى زۆر گەورەتر بۆ ئەو شارە بکات چوون شایانى پرۆژەی باشتر و پێشکەوتووانەترە.

هەربۆیە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە وێڕای دەستخۆشی بە روانگە، ئیدریس نێچیرڤان بارزانیشی بەگەنجی نیشتیمانی وەسف کرد.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP