هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 3.67 لەسەد کەم بکاتەوە، کە ئەو سەقفەیە کە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دا دانراوە، بە مەرجێک ڕێککەوتنێکی گشتی بکرێت کە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆدا گرەنتی بکات.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمریکا تا ئێستاش داوا دەکات ئێران بەتەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم سفر بکاتەوە و ئێرانیش بەم داواکارییە ڕازی نەبووە. هەربۆیەش دواین دانوستانەکانیان گەیشتبووە بنبەست.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، ئیسماعیل بەقایی باسی لە مێژووی بوونی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران کرد و وتی: متمانەی نێوان پشکنەرانی ئاژانس و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نیگەرانییەکی ڕاستەقینەش هەیە کە ئەو زانیاریانەی لە شوێنەکان لە لایەن ئاژانسەوە کۆکراونەتەوە لە کۆتاییدا بۆ ئیسرائیل دەگوازرێنەوە.
دوابەدوای شەڕی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل، کاربەدەستانی تاران هێرشەکانیان بۆ سەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چڕتر کردووەتەوە.
بەقایی ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و وتی، "ئەوروپییەکان ئەو کارە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ پێیان دەڵێت، ڕۆڵی ئەوروپا کەم بووەتەوە."
وتیشی: بە جۆرێک هەموو وڵاتانی ئەوروپا ئەو کارەیان پەسەند کرد کە ئیسرائیل کردوویەتی و بە ئەگەرێکی زۆرەوە زانیارییان پێداوە.