هەرێم نیوز
ناتانیاهو لەبارەی شەڕەکانی ئیسرائیل لەگەڵ بەرەی مقاوەمە دەدوێت و دەڵێت بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستکەوتەکانی شەڕ، وتی: لەم دواییانەدا ئەندامێکی باڵای حەماسمان لەناوبرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی حوسییەکانمان کردە ئامانج، لە لوبنانیش هەر جارێک حیزبوڵڵا سەری هەڵبکات شەڕی دەکەین، هەروەها لە سوریاش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان هەبووە.
بنیامین ناتانیاهۆ وتی کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گەورەترین چالاکیی بۆ مانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دوای دامەزراندنیەوە ئەنجامدرا؛ ئێمە گورزی زۆر قورسمان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و پلانەکەی دا بۆ بەرهەمهێنانی 20 هەزار مووشەکی بالیستیکی بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل. بەڵام ئەوان یەک شتیان بەدەست نەهێنا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین و حەماس لەناو دەبەین. ئەمانە دەستکەوتی گەورەن، دەستکەوتی زیاتریش لە پێشە.