دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند

هەرێم نیوز

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 622 کەس و زیاتر لە هەزار و 500 کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەمە، عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند، "بەهۆی بوومەلەرزەکەی نیوە شەوی ڕابردوو، لە پارێزگای کونار 610 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 300 کەسیش برینداربوون، کە ژمارەیەکی زۆری خانووەکانیش وێران بوون"، وتیشی "لە پارێزگای نەنگەرهار 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 255 کەسیش برینداربوون."

بەرپرسانی ئەفغانستان هۆشدارییان دا کە ئەگەری هەیە ژمارەی مردووان بەرزبێتەوە لە کاتێکدا گەڕان بەدوای قوربانیان لە ناوچە دوورەدەستەکان بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان دەڵێن، بە هێلیکۆپتەر بەدوای ڕزگارکردنی قوربانیان دەگەڕێن. 

شەرەفات زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی گشتیی ئەفغانستان رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی شاخاویی دوورەدەست روویداوە، ئەگەری زۆرە کاتی پێ بچێت تاوەکو زانیاریی ورد لەبارەی زیانە گیانییەکان و وێرانکاریی ژێرخانەکە بەدەستبهێنین".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان وتیشی: "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی رزگارکردنمان دەست پێ کردووە و سەدان کەسمان راسپاردووە بۆ یارمەتیدانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".

نزیکەی 20 خولەک دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکە، پاشلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر هەمان پارێزگای هەژاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP