هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن لە سەنعا (حووسییەکان)، کوژرانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و ژمارەیەک وەزیری راگەیاند، کە هەفتەی رابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کرابوونە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 8ی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن رایگەیاند، ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەحمەد غالب رەهەوی، سەرۆکوەزیران لە حکومەتی گۆڕانکاری و بنیاتنان و ژمارەیەک وەزیری لە کاتی بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپێکدا کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە سەرجەمیان کوژراون.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن، وۆرکشۆپەکە چالاکییەکی "ئاسایی" حکومەت بووە، کە ئامانج لێی هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت بووە لە ماوەی ساڵێکی کارکردنیدا.
سەرۆکایەتیی کۆمار راشیگەیاندووە، "بۆ گەلەکەمان، گەلی ستەملێکراوی فەلەستین، بۆ هەموو رۆڵەکانی ئوممەتەکەمان و سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان دووپات دەکەینەوە، ئێمە لە هەڵوێستی رەسەنی خۆمان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی خەڵکی غەززە بەردەوام دەبین."
سەرۆکایەتییەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، "خوێنی شەهیدان دەبێتە سووتەمەنی و پاڵنەر بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەمان رێگە".
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "هێزهکانی ئیسرائیل بارهگایەکی سهربازیی رژێمی تیرۆریستیی حووسییەکانیان له سهنعا کرده ئامانج."
هەمان رۆژ رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆری سەرکردە باڵاکانی حووسییەکان"، لە چەند شوێنێک کۆببوونەوە، لە یەک کاتدا، بوونە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل.
رۆژی 25ـی ئەم مانگەش، ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر سەنعای پایتەخت و حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکە لانیکەم 6 کەسی کوژراون و 86ـی دیکەش برینداربوون.