هەرێم نیوز
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی لێدوانێکی بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای ستاندار لەسلێمانیی ڕەت کردەوە کە لە ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای فەرمیی کەناڵی KNN بڵاو کراوەتەوە.
ئەمڕۆچوارشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: "دوێنێ، ڕێکەوتى ٢٦ى ئابى ٢٠٢٥، لە بەرنامەیەکى ڕادیۆى دەنگى بزووتنەوەى گۆڕان، کەسێک بەنێونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ هۆشیار زێبارى ئەندامى دەستەى کارگێڕىی مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنى مووچە!".
دەقی راگەیاندراوەکە:
ڕونکردنەوەیەک لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
دوێنێ، ڕێکەوتی ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیای فەرمی کەناڵی (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەنێونیشانی بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای ستاندارد لە سلێمانی، بەناوی زانیاری، چەند تۆمەتێکی بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێباری) ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە پرسی دواخستنی ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنی مووچە!
لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەی تۆمەت بەخشینەوەیەکی بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێباری و مەکتەبی سیاسی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە لە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، هاوکات هانی هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تۆکمە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆر و هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢٧ی ئابی ٢٠٢٥