دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: لەماوەیەکی نزیکدا کێشەی موچە چارەسەر دەبێت

هەرێم نیوز

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی له‌باره‌ی ڕوداوه‌كه‌ی لاله‌زار ڕایدەگەیەنێت، ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌، ڕویداوه‌، به‌ڵام "گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و پڕۆسه‌كه‌ ڕێڕه‌وی یاسایی وه‌ربگرێت"، له‌باره‌ی موچه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت، "وایده‌بینم له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی چڕدان؛ هیوادارین نزیکبین لەوەی بگەینە چارەسەرێک. کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر و بەغداش بەردەوامن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: "کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن کێشەی مووچە چارەسەر بکات. من خۆم وای دەبینم لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێ".

ئەوەشیخستەڕوو، "نیازمان هەیە و دەچین، نازانم کەی دەچین، بەڵام بەغدا پایتەختی ئێمەیە و هەرکات پێویست بێت دەچین".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووداوەکانی 22ـی ئاب لە سلێمانی وتی: "پەیاممان لەسەر رووداوەکانی سلێمانی هەبووە. ئەوەی لای ئێمە گرنگە هەموو بابەتەکان بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچن".

وتیشی: "ئینشاڵڵا چارەسەر دەبێت. ئەوەی گرنگە سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزرێ و بابەتەکە رێڕەوی یاسایی وەربگرێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت یاسا سەروەر بێت".

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا: "لە دانوستاندنێکی زۆر چڕداین. دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا قسەم کرد لەسەر ئەو بابەتە. لەگەڵ کۆمپانیاکانیش قسەمان کردووە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە بە زووترین کات ببینین نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە".

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، رایگەیاند: "گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک دیار نییە و ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی تەواو هەیە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان دەڵێت "هەنگاوی باش چووەتە پێش، پرۆسەیەکی ئاسان نییە بە شەو و رۆژێک بچێتە سەر، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە راستە پڕۆسەکە خاوە، بەڵام هەنگاوی جیدی هەیە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP