دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

دەزگای مین: لە كابینەی نۆیەمدا 52 کێڵگە بە تەواوی لە مین پاک كراونەتەوە

هەرێم نیوز 

دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیویەتی زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی 8ی 2025، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستان، حکومەتی هەرێم، لە کابینەی نۆیەم، کارێکی بەرچاوی بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی بە مین و تەقەمەنییەکان چێنراون، ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیویەتی زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە.

دەزگای منین ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی کە 52 کێڵگەی مین بە تەواوی پاک بکرێنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، كە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەبووە.

باسی لەوەش کردووە، لە ڕووی لەناوبردنی مین و تەقەمەنیشەوە، تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین و هەروەها زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچەتەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئێستادا، دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیارکردنەوەی دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاووڵاتییان. تیمەکانی هۆشیاریی ڕۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکوو زاخۆ، سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە نزیک کێڵگە مینەکانن، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و ڕێنماییان بکەن، كە چۆن خۆیان بپارێزن.

ئەوەش هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتییان، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، یان لە حاڵەتی هەبوونی هەر مەترسییەک، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن. ئەم ژمارەیە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینە و دەتوانن بێبەرانبەر پەیوەندی پێوە بکەن و دەزگاکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP