هەرێم نیوز
بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بچوککراوە (کابینێت) باسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەبو عوبەیدە کردوە كە وتەبێژی لیواکانی عیزددین قەسام كە باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسە .
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی بڵاوکردووتەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمڕۆ یەكشەممە لە لێدوانێکی کورتدا ڕایگەیاندوە، "سوپای ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئەبو عوبەیدە، لە ئێستادا ئێمە چاوەڕێی ئەنجامەکانین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە بزوتنەوەکە دواکەوتوە لە ڕاگەیاندنی کوشتنی ناوبراو.
ناتانیاهۆ لە سەرەتای کۆبونەوەی حکومەتدا باسی لەوەشكردوە، "ئێمە چاوەڕێی ئەنجامەکانین. تێبینیم کرد کە ڕاگەیاندنی حەماس کەمێک دواکەوت. وادیارە کەس نییە ئەم بابەتەمان پێ ڕابگەیەنێت".
لایخۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زانیارییەکان لەبارەی دۆخی ئەبو عوبەیدە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام پێشبینی کرد کە بە سەختی بریندار بوبێت. هەروەها کەناڵی 14 لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە کە "دۆخەکە باشە"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباک" هەوڵی كوشتنی ئەبو عوبەیدەیان دا، کە ناوی ڕاستەقینەی "حوزەیفە کەحلوت"ـە.
بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بۆ ڕۆژنامەی "مەعارڤ"، بە بەئامانجگرتنی ئەبو عوبەیدە، تەنها یەک ناو ماوەتەوە لە لیستی داواكراوەكانی سەرکردەکانی حەماس لە غەززە، ئەویش عیزەدین حەداد، فەرماندەی لیوای شاری غەززەیە.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێن کە حەداد بوەتە ئامانجی سەرەکی ماوە لە لیستی تیرۆرکردنەکان کە لەلایەن بەشی هەواڵگری سەربازی و دەزگای شاباکەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لە پاڵ ئەوەشدا، سەرکردەکانی دیکەی حەماس لە دەرەوە هەن، سەرچاوە ئەمنییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەدواداچونی ئەوان لەژێر سەرپەرشتی مۆساد و بڕیارێکی سیاسی لە ئاستی باڵاوەیە.