هەرێم نیوز
ڕۆژی سێشەممە، سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئەڵقەیەکی قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی لەژێر پەردەی کۆمپانیایەکی عێراقیدا ڕاگەیاند.
وەلید سامڕایی، بازرگانێکی عێراقی و خاوەنی ڕەگەزنامەی دوورگەکانی کیتس و نێڤیسی کاریبییە، تۆڕێکی تانکەر و کۆمپانیا بازرگانییە دەریاییەکانی بەڕێوەبردووە کە نەوتی ئێرانیان بە قاچاخ بردووە بۆ کڕیارانی بیانی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەروەت و سامانی وەلید سامڕایی ڕاگیراون و حەوت کۆمپانیا و نۆ تانکەری ژێر بەڕێوەبەرایەتییەکەی سزادراون.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت، ئەڵقەی قاچاخچی، بە تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و عێراق، بووەتە هۆی فرۆشی نایاسایی نەوتی ئێران و ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستکەوتووە.
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرترین فشار لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی لە تاقمە تیرۆریستییەکان و بریکارەکان و درێژەدان بە سزاکانی پێشووی ئەمریکا دەسەپێنرێن.
لای خۆیەوە، سکۆت بێسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت عێراق ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ تیرۆریستان، هەر بۆیە ئەمریکا کاردەکات بۆ روبەڕوبونەوەی هەژمونی ئێران لەو وڵاتە.