هەرێم نیوز
دادوەرێکی ئەمریکی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕاگرتنی بودجەی دەرکرد کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بەسەر زانکۆی هارڤارددا سەپێنرابو، بەهۆی تۆمەتەکانی دژە جولەکەگەرایی و لایەنگریی بەربڵاو لە دامەزراوە بەناوبانگەکەدا.
ئەلیسۆن بۆرۆس، دادوەری فیدڕاڵی بۆستن لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاندوە، "دادگا فەرمانەکانی ڕاگرتن و نامەکانی کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی یاسای هەموارکردنی یەکەم هەڵدەوەشێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمو ئەو ڕاگرتن و کۆتاییهێنانە بە پارەدان بۆ زانکۆی هارڤارد کە بەپێی فەرمانی ڕاگرتن و نامەی کۆتاییهێنان لە (14ی نیسانی 2025) یان دوای ئەوە ئەنجامدراون، هەڵدەوەشێنەوە و پوچەڵ دەکرێنەوە".
لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ئهمساڵدا، ترەمپ ڕاگری زانکۆکانی ئەمریکای تۆمەتبار کردوە بە تێوەگلان لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای جولەکەگەرایی، کە زۆرجار لەلایەن کۆنەپەرستانەوە بۆ بێڕێزیکردن بە بیرۆکە پێشکەوتنخوازەکان بەکاردەهێنرێت.
هەروەها ئیدارەی ترەمپ ئەو زانکۆیانەی تۆمەتبار کرد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە ناو کەمپەکانیان و داوای ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پارێزگاریی پێویستیان بۆ خوێندکارانی جولەکە یان ئیسرائیلی نەکردوە.
بەو پێیە، ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 2.6 ملیار دۆلاری لە یارمەتییە فیدراڵیەکانی هارڤارد ڕاگرت، لەنێویاندا چاودێری تەندروستی، هەروەها بڕوانامەی SEVISی هەڵوەشاندەوە، کە ڕێگە بە خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان دەدات لە ئەمریکا بخوێنن.
دادوەر ئەلیسۆن بورۆس ئیدارەی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە "بەکارهێنانی دژە جولەکەگەرایی وەک بەرگێک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ئامانجدار و پاڵنەری ئایدیۆلۆژی بۆ سەر بەناوبانگترین زانکۆی وڵات".