دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/08/2025

بەتۆمەتی دزی کردن چوار تۆمەتبار دەستگیرکران

هەرێم نیوز

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە دوو چالاکی جیاوازدا بەتۆمەتی دزی کردن، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمار کرد کە چەند سەر ئاژەڵێکی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد. سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەچالاکییەکی دیکەداو پاش تۆمارکردنی سکاڵای هاوڵاتییەک کە ماتۆڕسکیلی لێ دزرابوو، بەبڕیاری دادوەر هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد.

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن.

تۆمەتباران (ن، ن، ج - ش، ج، خ - ش، ئـ، م - س، ع، ع) دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە هەردوو دۆسییەکە بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP