دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

شەقامى سەرەکی ( هەولێر - بەحرکە )، دواى نۆژەنکردەوە و قیڕتوکردنی بەڕووى هاوڵاتییان کرایەوە

هەرێم نیوز

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی هەولێر - بەحرکە تەواو بووە و لە ئەمڕۆوە رێگاکە بە رووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە. گوژمەی پڕۆژەکە زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامی سەرەکیی هەولێر – بەحرکەیان بە ڕووی هاتوچۆدا کردەوە.

پڕۆژەکە، بە گوژمەی یەک ملیار و 645 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ کراوە، لە قۆناغی دووەمدا کارکردن لە شەقامی 120 مەترییەوە تا شەقامی 150 مەتری لە سایدی چوون بۆ بەحرکە لەخۆ گرتبوو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەم شەقامە یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانی شاری هەولێر و هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە،داخستن و کارکردن لە شەقامەکەدا ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان دروست کردبوو، بە کردنەوەی ئەم شەقامە ئاستەنگییەکان نامێنن و نۆژەنکردنەوکەش بە کوالێتییەکی بەرز ئەنجام دراوە".

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی هەولێر - بەحرکە کە درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە، هەرسێ شەقامی بازنەیی 100، 120 و 150 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، کە لەنێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری بوو، پێشتر تەواو کراوە و کۆی گشتیی کارەکانی پڕۆژەکەش لە هەردوو قۆناغدا بریتییە لە 85 هەزار مەتر دووجا قیڕتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامەکە.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP