هەرێم نیوز
ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە لەژێر فشاری بەشێكی عەرەبە شیعەكان، هەوڵی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی دەدرێت. لە حاڵەتی تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكەش، عێراق دەبێتە قوربانی.
مەریوان قەرەنی، ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵەیەتی فەیسببوک رایگەیاند "هەرچەندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاشكرا دژی دەركردنی یاسای حەشدی شەعبییە و پێیوایە تێپەڕاندنی یاسایەكی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەژموونی وڵاتێكی ئیقلیمی و كەمبونەوەی زیاتری سەروەریی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبیش دەبێتە دەستەیەكی هاوتای وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام پێدەچێت هەندێك لە عەرەبە شیعەكانی عێراق بڕیاری خۆیان دابێت و بیانەوێت هەرچۆنێك بێت پرۆژەیاساكە تێپەڕێنن".
ئاماژهی بهوهشكرد، دوێنێ یەكشەممە راگەیاندرا، "جلوبەرگی حەشدی شەعبی لەبەر دەكەن و یاساكە لە پەرلەمان تێدەپەڕێنن، دواتریش لە گروپی (واتس ئەپ)ی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران كرا كە قیاسی جلەكانیان بنێرن تاوەكو جلی حەشدی شەعبییان بۆ بدورن و رۆژی دەنگدان بەو جلانەوە بچنە نێو پەرلەمان".
ئهو پهرلهمانتاره دهڵێت، "بە دڵنیاییەوە تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیاسایە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت، چونكە، لە ئاستی ناوخۆی عێراقدا، پێكهاتەكانی (كورد، عەرەبی سوننە و بەشێكی بەرچاوی عەرەبی شیعە) دژی پرۆژەیاساكەن، لە كاتێكدا ئەو پرۆژەیاسایە پێویستیی بە كۆدەنگیی نیشتمانیی هەیە و نابێت لەبەر خاتری خواستی بەشێكی نێو یەكێك لە پێكهاتەكانی عێراق تێپەڕێندرێت".
هۆشداریش دهدات لهوهی "ئەگەر پڕۆژه یاساكه تێبپهڕێنرێت، لە داهاتودا ئەگەر هەیە دوركەوتنەوەی زیاتر لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق روبدات، بە تایبەتیش بەهۆی سروشتی حەشدی شەعبی كە كۆمەڵە گروپێكی چەكداریی مەزهەبیین".
ئەوەشیخستۆتەڕوو، "لە ئاستی نێودەوڵەتی، بە دڵنیاییەوە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی تەواو نیگەران دەبن و دور نییە بەم هۆیەوە كاردانەوەیان هەبێت تا ئاستی هێرشكردنە سەر گروپەكانی حەشدی شەعبی یان سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، بۆیە دەركردنی ئەم پرۆژەیاسایە دەكرێ ببێتە جێی مەترسی بۆ ئاییندەی عێراق".
رونیشیكردوهتهوه، "گومانی تێدا نییە كە عێراق دەبێتە قوربانیی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، بەڵام پێدەچێت ئەوانەی دەیانەوێت بە جلوبەرگی حەشدەوە بچنە نێو پەرلەمان، بڕیاریان دابێت عێراق بكەن بە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان!".