دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

زیلینسکی: هەموو لایەنەکان دەیانەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بهێنن

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئێوارەی یەکشەممە لە کاتی گەیشتنی بە واشنتن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی دۆناڵد ترەمپ، دووپاتی کردەوە کە هەموو لایەنەکان خوازیاری کۆتاییهێنانێکی خێران بە شەڕ، و داوای گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی کرد.

زێلێنسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەموومان ئارەزوویەکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە بە خێرایی و بە شێوەیەکی جێی متمانە."

هەروەها ڕوونیکردەوە: "من سوپاسگوزاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانم بۆ بانگهێشتکردنەکە. هەموومان بە هەمان شێوە دەمانەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنین بە خێرایی.

سەرۆکی ئۆکرانیا وتیشی "هیوادارم هێزی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکا و دۆستە ئەوروپییەکانمان، ڕووسیا ناچار بکات بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە."

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، زێلێنسکی لەگەڵ ترەمپ و کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپی کۆببێتەوە.

ترەمپ چی وت؟
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هاوتا ئۆکرانییەکەی دەتوانێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا بهێنێت، بەڵام وەرگرتنەوەی نیمچەدوورگەی کریمیای لەلایەن ئۆکرانیاوە یان چوونەپاڵی بۆ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ"ی بە دوور زانی.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان لە کۆشکی سپی نووسیویەتی: "سەرۆکی ئۆکرانیا زێلێنسکی دەتوانێت نزیکەی دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا بهێنێت، ئەگەر بیەوێت، یان دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن."

ئاماژەی بەوەشداوە "نە وەرگرتنەوەی کریمیایە هەیە کە ئۆباما (١٢ ساڵ لەمەوبەر بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک بەخشی) و نە چوونەپاڵی ئۆکرانیایە هەیە بۆ ناتۆ."

جێی ئاماژەیە، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ و زێلێنسکی ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی کۆببنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە بەردەوامە.

لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا ئامادە دەبن، وەک سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرتس، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کێر ستارمەر، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، و سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP