هەرێم نیوز
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غەززە ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی برسێتی و به‌دخۆراكییه‌وه بۆ 263 كه‌س به‌رزبوه‌ته‌وه كه 112یان منداڵن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه كه‌میی خۆراك و پێداویستی پزیشكی زۆر به‌رده‌وامه له‌كاتێكدا سنورداركردنی توند دروستكراوه بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان.
ئەمڕۆ دووشەمە، 18ی 8ی 2025 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له كه‌رتی غه‌ززه ڕایگه‌یاندوه، "له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردودا پێنج كه‌س كه دو كه‌سیان منداڵن به‌هۆی كه‌می خۆراك و به‌دخۆراكییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، زیاتر له یه‌ك ملیۆن منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ به‌ده‌ست كه‌میی خۆراكی تونده‌وه ده‌ناڵێنن، له‌كاتێكدا ژیانی نزیكه‌ی 40 هه‌زار كۆرپه‌ی خوار ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ و 250 هه‌زار منداڵی خوار ته‌مه‌نی پێنج ساڵ له مه‌ترسیدایه".
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی حكومی له غه‌ززه بڵاویكرده‌وه، ئه‌و بارهه‌ڵگره یارمه‌تیانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه ڕێگه‌یان پێدراوه بۆ ناو كه‌رتی غه‌ززه، ته‌نها 14%ی پێداویستییه‌كانی دانیشتوان دابینده‌كه‌ن، زۆربه‌شیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیسرائیله‌وه ده‌بردرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "غه‌ززه ڕۆژانه پێویستی به نزیكه‌ی 600 بارهه‌ڵگری یارمه‌تی هه‌یه بۆ دابینكردنی كه‌مترین بڕی خۆراك و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كان و سوته‌مه‌نی و ده‌رمان".