دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

میسر باس لە پلانی گواستنەوەی چەکەکانی حەماس بۆ وڵاتەکەی دەکات

هەرێم نیوز

کەناڵی کان لە ئیسرائیل بڵاویکردەوە، میسر پێشنیاری گواستنەوەی چەکی حەماس بۆ قاهیرە بۆ ماوەیەکی نادیار کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چەکداماڵینی حەماسە لە کاتی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەستپێشخەرییەکی دیکەی میسری بۆ داهاتووی غەززە بریتییە لە ڕادەستکردنی ئیدارەی ناوچەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە حکومەتێکی کاتی فەلەستین کە لە تەکنۆکراتەکان پێکهاتووە.

کان ئاماژەی بەوە کردووە: هەرچەندە حەماس ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکان، بەڵام هێشتا دەستبەرداربوون لە چەک بە هێڵی سوور بۆ ئەو گرووپە دادەنرێت.

کاربەدەستانی عەرەبی پێیان وایە کە چەکداماڵینی حەماس قورس دەبێت، مەگەر وردە وردە و لە شێوەی دەستپێشخەرییەک بە ئاسۆی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی جێبەجێ بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە نە حەماس و نە خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین نابێت ڕۆڵیان هەبێت لە داهاتووی غەززەدا. هەروەها دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی ڕاگەیاندووە.

لە 19ی ئابدا نەتانیاهۆ نامەیەکی ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کرد و ڕەخنەی لە بڕیارەکەیان گرت بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

وردەکاری پلانی ئاگربەستی غەززە

مەجید ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کەشوهەوای ئێستای دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززەی بە "ئەرێنی" هەڵسەنگاند و وتی، "هیوادارین بە زووترین کات بگەینە ڕێککەوتن، و ئەگەر لێکتێگەیشتنیش هاتە ئاراوە، پێویستە دەستبەجێ و بەبێ هیچ دواکەوتنێک جێبەجێ بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پلانەی کە حەماس پەسەندی کردووە "رێگایەکی ڕوون بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لەخۆدەگرێت، ئێمەش بە باشترین بژاردەی مومکینە ک لە بارودۆخی ئێستادا هەیە".

پێشتریش میدیاکان بڵاویانکردەوە کە حەماس بە دوایین پلانی ئاگربەست لە غەززە ڕازی بووە. دوو بەرپرسی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند کە وڵاتەکەیان پێداچوونەوە بە وەڵامی حەماس بۆ پێشنیاری ئاگربەست دەکات.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەم بارەیەوە نووسیویەتی، ئیسرائیل دوایین پلان بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی دەزانێت، چونکە بەپێی ئەو پلانە، تەنها نیوەی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە بەدەستەوە بوون لە ماوەی ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژەدا ئازاد دەکرێن و ئازادکردنی باقی بارمتەکانیش پەیوەست دەبێت بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نەتانیاهۆ هەڵوێستی پێشووی خۆی گۆڕی و دژایەتی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی قۆناغ بە قۆناغ ڕاگەیاند. ئێستا پێداگری لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەکات کە تێیدا هەموو بارمتەکان لە یەک کاتدا ئازاد بکرێن و لە بەرامبەردا شەڕەکە کۆتایی پێبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP