دواین هەواڵ

ئابوری‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەئەگەری زۆرەوە سبەی بڕیاری ناردنی موچەی هەرێم دەدرێت

هەرێم نیوز

وابڕیارە سبەینێ سێشەممە, ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببنەوە و بەئەگەری زۆرەوە بریار لەناردنی بەشە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بەهەرێم نیوزی ڕاگەیاند، هەموو شتێکمان لەگەڵ بەغدا تەواو کردووە و چاوەڕێین لەزووترین کاتدا موچەمان بۆبنێرن.

ئەو سەرچاوە، ئەوەشی وت، کێشەی ڕادەستکردنی نەوت تەواو بووە و حکومەتی هەرێم پابەندبووە و چاوەڕێی سۆمۆیە، هەرکات داوای بکات نەوتەکەی ڕادەست دەکەین.

بەپێی زانیارییەکانی هەرێم نیوز، لەئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەکێڵگەکانی هەرێم بەرهەم دێت.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم، ئەوەشی بۆ هەرێم نیوز ئاشکراکرد، دەمێکە ١٢٠ ملیارەکەمان ئامادەیە و چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقین، هەرکات ئەوان پێمان بڵێن بینێرە بۆ ئێمە ئیشی چەند دەقەیەکە و دەیگوازینەوە بۆ بانکی ناوەندی لقی هەولێر.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیار وایە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە و یەکێک لەتەوەرەکانی گفتوگۆکان موچەی موچەخۆرانی هەرێمە، بۆیە بەهەموو ئەگەرەکان بەهۆی پابەندبوونی هەرێم بەرێککەوتنەوە، سبەینێ لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بریار لەناردنی موچەی هەرێم دەدرێت و هەر لەم هەفتەیەدا موچەکە دەگاتە هەرێم و ئەگەر هەر ئەم هەفتەیە دابەش نەکرێت، ئەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچە دابەش دەکرێت..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP