هەرێم نیوز
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاشکرای کرد: وڵاتەکەی دوای شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیل کاری لەسەر بۆ دووبارە بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی کردووە.
لاریجانی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: هێزە چەکدارەکان لە ئێستادا لە ئامادەباشییەکی تەواودان، ئێمەش لە یەکەم رۆژەکانی دوای شەڕەوە کارمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکان.
سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، لاریجانی رونیکردەوەتەوە: دانوستاندن تاکتیکێکە، هەندێک جاریش پێویستە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە لە پێگەیەکی بەهێزدا بین.
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوە کردەوە: ئێران مامەڵەی زلهێزەکان بە دانانی وادەی دیاریکراو قبوڵ ناکات، وەك ئاماژەیەك بە فشارەکانی رۆژئاوا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی.
سەبارەت بە لوبنان، لاریجانی راشیگەیاند: "ئێمە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان ناکەین، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئێمە لە پاڵیاندا وەستاوین، بڕیارەکەش لە دەستی گەلی لوبنانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، قارەمانێتی حزبوڵا ڕێگەی نەدا ئیسرائیل زەوی لوبنان کۆنتڕۆڵ بکات، "ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بۆردومانی دەکرد، بەڵام لەسەر زەوی نەیتوانی پێشڕەوی بکات".
لاریجانی ڕونیشیكردهوه، "ئێمە مافی گەلان دوپات دەکەینەوە کە خاوەنی بڕیار و سەروەری خۆیان بن و ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بە پشتیوانی لە تەنیشتیان بوەستین نەک بە پاسەوانی".